بەنزینخانەکانی سلێمانی دوو ملیار دینار قەرزاری حکومەتن

رێککەوتن بە شەش قیست بیدەنەوە

٩٦٤ – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

دوای دەستنیشانکردنی دوا دەرفەت بۆ دانەوەی دوو ملیار دینارە کەڵەکە بووەکەی قەرزی کرێی مانگانەیان، شارەوانی سلێمانی و خاوەن بەنزینخانەکان گەیشتنە رێککەتن قەرزەکە بە شەش قیست بدەنەوە.

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە ٩٦٤ـی راگەیاند، نزیکەی ٢٠ بەنزینخانە لە سلێمانی کە بەنزینخانەکانیان لەسەر زەوی شارەوانی دروستکردووەو مانگانە کرێ دەدەنە شارەوانی، بەهۆی نەدانی کرێیەکانیان لەماوەی رابردوودا نزیکەی دوو ملیار دینار قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە، بۆ ئەمەش شارەوانی دوا دەرفەتی داوە بە بەنزینخانەکان بۆ وەرگرتنەوەی کرێیەکان.

شارەوانی؛ بەو دوو ملیار دینارە دەتوانین بەردەوامی بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیان بدەین

زیاتر وتی “ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتنە رێککەوتن کە پارەکە بە شەش قیست بدەنەوە، تەنیا سێ بەنزینخانە نەبێت کە کێشەی نەدانەوەی قەرزەکانیان هەبوو، ناڕازی بوون لە زۆری ئەو کرێیەی کە بۆیان دیاریکرابوو”.

٩٦٤ دەزانێت، بەنزینخانەکان نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دیناریان داوەتەوە شارەوانی، شارەوانی سلێمانیش ١٥ـی ئەم مانگەی وەک دوا دەرفەت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی دابوو بە خاوەن بەنزینخانەکان.

بەهمەن قادر، زیاتر وتی “شوێن هەیە پانزە جار بە نوسراو ئاگادارمان کردوونەتەوە بە مەبەستی پاکتاوکردنی بڕی ئەو قەرزانەی لە ئەستۆیاندایە، بەڵام سەردانی شارەوانیان نەکردووە”.

سەرچاوەیەک لە شارەوانی سلێمانی بە ٩٦٤ـی راگەیاند، بەو دوو ملیار دینارە دەتوانین بەردەوامی بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیان بدەین و زیاتر خزمەتی شاری سلێمانی بکەن.