کۆنترین تورشیفرۆشی دهۆکە

هێندەی حەز لە تورشی بوو دوکانێکی تورشیاتی دانا

میدیازان – هێڤی دێوالی – دهۆك

پەنجا ساڵ پێش ئێستا باپیری لە موسڵ تورشی بۆ ماڵەوە دەهێنا، ئەمەش بووە بیرۆکەی دانانی دوکانی تورشیفرۆشی کە کۆنترینی دهۆکە لە تورشیفرۆشیدا.

حوسێن حەسەن، خاوەنی تورشیاتی دهۆکە باس لە چۆنیەتی دانانی دوکانی تورشیاتەکە دەکات و دەڵێ، باپیرم ئەم دوكانەی بۆ ئێمە جێهێشتووە، کە تەمەنی دوکانەکە بۆ ٥٢ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

“بیرۆکەکە لەوێوە هات، باپیرم بۆ کڕینی تورشی دەچووە موسڵ، لە دهۆک تورشیفرۆش نەبوو ئەمەش بووە بیرۆکەی دانانی دوکانێک لە ساڵی ١٩٧٠، دواتر لە ساڵی ١٩٧٨ باپیرم خۆی دەستی کرد بە دروستکردنی تورشی لێرەو ئیتر تورشی لە موسڵ نەدەهێنا”.

تورشیاتی دهۆك، کۆنترین تورشیاتە لە دهۆ، ئێستا چوار جۆر تورشیاتی تێدایە دەفرۆشرێت، لەوانە تورشیاتی شیرین،  تورشیاتی ئاسایی، زەڵاتە و تورشیاتی سور، لەوەش زیاتر زەیتونی جۆراو جۆریش دەفرۆشێت.

“پێش من باوكم لێرە بوو، ئێستا باوكم توانای نەماوە و من دوكانەكە بەڕێوە دەبەم، چێژیش لەكارەكەم دەبینم و سەرچاوەی بژێوی ژیانمانە”. حوسێن وای وت