٣٥ بریندار لە یەک رووداوی هاتوچۆدا

+964 

ئاسۆ فەیسەڵ – سۆران

ئێوارەی رۆژی هەینی، لە هاوینەهەواری بێخاڵ، پاسێکی گەشتیاری خۆی کێشاوە بە باڵەخانەی هۆتێلێکدا، ٣٥ کەسیان بریندار بوون کە پێنجیان برینیان سەختە.

پاسەکە لە جۆری گەشتیاری گەورەیە و جێگەی ٤٠ سەرنشین دەبێتەوە.

گەشتیارەکان بە تێکڕا خەڵکی خوارووی عێراق بوون و بە مەبەستی گەشتوگوزار هاتبوونە پارێزگای هەولێر.

دكتۆر كامەران مەلا محەمەد شێروانی، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بارەی رووداوەكەوە قسەی بۆ 964+ کرد، وتی کە بریندارەکان ژن و پیاو و منداڵیشیان تیادا بووە.

بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی رواندز و نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران، لەوێ تواندراوە چارەسەری سەرەتایی بۆ پێنج کەس بکرێت، بەڵام پێنجیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراون بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە.

بە قسەی دکتۆر کامەران، تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە بریندارەکان گیانیان لەدەست نەداوە، بارودۆخی تەندروستیان بەرەو باشتر دەڕوات.

ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ژمارەی رووداوەکان و لێکەوتەکانیان لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢١، چوار هەزار و ١١٩ رووداوی هاتوچۆ هەبوون، تێیدا ٦٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و ١٢١ کەسیش بریندار بوون.