زیندانییه ههڵاتووهكهى دهۆك دهستگیر كرایهوه
پێشتر لەسەر دزیکردن دەستگیر کرابوو
+964
عەمار عەزیز- دهۆک
زیندانییە هەلاتووەکەی چاکسازی زرکا، هێنانی کەلوپەلی بۆ راکردن دەقۆزێتەوەو رادەکات. پۆلیس دەڵێ، دوای 24 کاتژمێر پولیسی ئاکرێ دەستگیر کراوەتەوە.
(ع-ع-ح) ئەو زیندانییەی کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دەرفەت دەقۆزێتەوەو لە چاکسازی زرکا لە دهۆک رادەکات و دواتر لە قەزای ئاکرێ دەستگیر دەکرێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیازان، تەمەنی سەرووی 55 ساڵ دەبێت و، پێشتر بە تاوانی دزیکردن بەپێی ماددەی ٤٤٦ لە یاسای سزادانی عێراقی حوكمدرا بوو.
رائیدی پۆلیس عیماد حوسێن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی قەزای ئاکرێ، رووداوی راکردنی ئەو زیندانییە بۆ میدیازان پشتڕاست دەکاتەوە، دەڵێ ئەو زیندانییە لە رۆژی هەینی لەیەکێک لەگەڕەکانی قەزای ئاکرێ دەستگیرکرایهوە، دواتریش رادەستی چاکسازی زرکا کرایەوە.
“بەهۆی تەمەنییەوە، لە چاکسازی هەموویان متمانەیان پێی هەبووەو کاری باخچەوانی پێکراوە، بۆیە وەک زیندانییەک مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە”. بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی قەزای ئاکرێ وا دەڵێ، ئەوەشی خستەڕوو کە
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئیدارەی چاکسازی زرکا لەو کاتەی سەرقاڵی نوژەنکردنەوەی باخچەکە دەبن، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کەلوپەل بۆ چاکسازی دەهێنێت، بۆ هاتنە ژوورەوەی بارههڵگرەکەش سیمی بەر دەرگا هەڵدەگیردێت تا بارههڵگرەکە بچێتە ژوورەوە، زیندانییەکە ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و هەڵدێت.
میدیازان، لەسەر ئەو پرسە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عەقیدی پۆلیس محەمەد حوسێن، بەڕێوەبەری چاکسازی زرکا کرد، لەگەڵ ئەوەی پشتڕاستی دووبارە دەستگیر کردنەوەی کرد، بەڵام رەتی کردوە زانیاری لەبارەی چۆنیەتی راکردنەکە بدات.
رائیدی پۆلیس عیماد حوسێن وتیشی”لەسەر ئەو هەوڵەی راکردن، بەپێی ماددەی ٢٧٦ دادگایی دەکرێتەوەو، لایەنی کەم دادوەر تا ساڵێک ماوەی زیندانییەکەی زیاتر دەکات”.
چاکسازی زرکا، یەکێکە لە چاکسازییەکانی سەر بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی.