زیاد ئەسعەد لە وێنەیەکدا دەردەکەوێتەوە

+964

پەرستۆ ساڵح- لایف ستایل

هونەرمەند زیاد ئەسعەد، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک کۆتایی بە هەموو دەنگۆیەکان لەبارەی  دۆخی تەندروستی دەهێنێت. 

عەبدولغەفەر عەبدوڵا، بەڕێوبەری کارە هونەریەکانی هونەرمەند زیاد ئەسعەد لەبارەی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی زیاد ئەسعەد لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەڵێ، ئەو وێنەیە نوێ نیەو هی چەند مانگێک لەمەوبەرە کە بۆ ژمارەیەک لە هاوڕێ نزیکەکانی ناردووە بۆ دڵنیا بوونیان لەسەر دۆخی تەندروستی ناوبراو.

وتیشی “کەسانێک بە ناوی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە یان لۆگۆی لێدەدەن، هیچ راست نیە”.

+964 دەزانێت، هونەرمەند زیاد ئەسعەد لەساڵی ٢٠١٦ پاش ئەوەی جەڵتە لێیدا دۆخی تەندروستی نەزانراوەو لەهیچ بۆنەیەکی هونەری دەرنەکوتووە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری کارە هونەرییەکانی دەڵێ “ئێستا تا رادەیەک دۆخی تەندروستی جێگیرە و وەرزش دەکات”.

عەبدولغەفەر عەبدوڵا، بەڕێوبەری کارە هونەریەکانی هونەرمەند زیاد ئەسعەد ئاشکرای کرد کە زیاد ئەسعەد ئێستادا کار بۆ زنجیرە درامایەکی کوردی دەکات بەناوی کۆشکی هەنار، هەروەها بە دانانی ئاواز و تێکستیش بەردەوام هاوکاری هونەرمەندانی دیکە دەکات.

زیاد ئەسعەد، ساڵی ١٩٦٦ لەگەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایکبووە، گۆرانیبێژو ئاوازدانەرو هۆنراوەنووسێکی دیاری کوردستانە. یەکەم کاسێتی لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوکردووەتەوە و خاوەنی پێنج ئەلبومە، ساڵانێکە لە شاشەکان دوورکەوتووەتەوە و هیچ کارێکی تایبەت بە خۆی نیە.