ترەمپ ئازادکرا

964+

بڵند عوسمان – هەولێر

ئیڵۆن مەسکی خاوەنی نوێی تویتەر، هەژمارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای گەڕاندەوە، کە نزیکەی دوو ساڵ .بوو راگیرابوو

بەهۆی ئەوەی لە رۆژی ٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، لایەنگرەکانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر ناوچەی کاپیتۆڵ لە واشنتۆن دیسی، کە سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکای لێیە، هەریەک لە تویتەر، فەیسبوک، ئینستاگرام و یوتیوب بڕیاری راگرتنی هەژماری ئەو سەرۆکەیان دا.

ئەو گرژییانە دوای ئەوە بوو کە جۆ بایدن سەرکەوت بەسەر دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای ٢٠٢٠.

ئیڵۆن مەسک لە ١٩ی ئەم مانگە، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر دەنگدانێکی سازکرد، سەبارەت بە گەڕانەوەی هەژمارەکەی ترەمپ، لە کۆی ١٥ ملیۆن کەس، سەدا ٥٢ی دەنگی بە بەڵێ دابوو.

لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ چەند مانگێک لەمەوبەر رەتیکردبووەوە بگەڕێتەوە ناو تۆڕەکە، وتبووی، “هیچ هۆکارێکم نییە بۆ گەڕانەوە”.

لە ئێستادا، ئیڵۆن مەسک دەوڵەمەندترین مرۆڤی سەر زەویە، لە کۆتا چالاکیدا، تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری کڕییەوە بە ٤٤ ملیار دۆلار، بڕیاریداوە گۆڕانکاری گەورە لە بەڕێوەبردنی تۆڕەکە بکات.