دوای هەزار رۆژ نەوت دابەشکرا

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

ئەمڕۆ لە ناوەندی شاری رانیە نەوتی سپی دابەشکرا، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە وەستانی ئەو پرۆسەیە لەوێ.

بە قسەی حسێن مەحمود، قائیمقامی رانیە، بڕی ٧٣٤ هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ رانیە و چوارقوڕنە و حاجیاوا تەرخانکراوە.

لەناو شاری رانیە حەوت هەزار و ٨٦٥ ماڵ مافی وەرگرتنی نەوتی سپییان هەیە، بۆ هەر ماڵێک ٢٠٠ لیتر نەوت بە نرخی ١٠٣ هەزار دینار دانراوە.

قائیمقامی رانیە بە 964+ی راگەیاند، لە کۆتاییەکانی ٢٠١٩ەوە نەوت بەسەر خەڵکی شارەکەیدا دابەشنەکراوە، کە هەزار رۆژ و نزیکەی سێ ساڵ دەکات.

هاوڵاتییەک لە کاتی وەرگرتنی نەوت قسەی بۆ 964+ کرد، وتی دەستخۆشی لە حکومەت ناکات، “چونکە دوای سێ بۆ چوار ساڵ نەوت دابەشدەکات، ئەویش بە نرخێکی گران”.

لە هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی نەوتی سپی ئەمساڵ لەلایەن هاوڵاتیانەوە رەتکرایەوە بە هۆکاری “گرانیی نرخەکەی”.