هیوایەک بۆ بکوژە بێدەنگەکە دەگەڕێتەوە

+964

پەرستۆ ساڵح- لایف ستایڵ

بەفەرمی کارگێڕی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، رۆژی هەینی پەسەندکردنی دەرمانێکی راگەیاند کە توانای هەیە نەخۆشی شەکرە “بکوژە بێدەنگەکە” لە جۆری یەکەم دوابخات.

ئەم دەرمانە بە “Teplizumab” دەناسرێت، کە ئامانجی چارەسەرکردنە لە رێگای بەرگری جەستەوە یاخود بەرگی خودکار، کە دەبنە هۆکار بۆ نەخۆشی شەکرەی جۆر یەکەم T1D .

دەربارەی گرنگی دەرمانەکە لەرووی پزیشکیەوە، دکتۆر جۆن شاریتس، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشی شەکرە و تێکچوونی چەوری و قەڵەوی لە سەنتەری هەڵسەنگاندنی دەرمان دەڵێت “دواخستنی سەرهەڵدانی نەخۆشی شەکرە لە جۆری یەکەم کاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر ژیانی رۆژانەی ئەو کەسانەی کە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە هەیە”.

نەخۆشی شەکرە کە بە “بکوژێکی بێدەنگ”ـیش ناسراوە، بەو پێیەی زۆرینەی ئەوانەی بەدەستیەوە دەناڵێنن درکی پێناکەن، چونکە زۆر کات نیشانەکانی سەرەتایی نیشان نادات.

لە بەیاننامەیەکدا کە سەنتەری هەڵسەنگاندنی دەرمان بڵاوی کردووەتەوەو ماڵپەڕی سکای نیوز کردوویەتی بە عەرەبی، دکتۆر جۆن شاریتس، جەخت دەکاتەوە کە ئەم چارەسەرە نوێیە نەخۆشەکان لە بارگرانی و فشاری بەردەوامی چاودێریکردنی شەکری خوێن و بەکارهێنانی ئەنسۆلین رزگار دەکات، هاوکات “کاتێکی زیاتر دەدات بە نەخۆشەکان بۆ ئەوەی بەبێ دەرزی پێوەری شەکری خوێن ژیانی رۆژانەیان بەسەربەرن بەبێ ترس”.

نەخۆشی شەکرە دوو جۆری هەیە، شەکرەی جۆری یەک کە برێکی زۆر کەم یان ھیچ لە ئەنسۆلین دروست نابێت لە لایەن پەنکریاسەوە، تەنها پێنج بۆ دە لەسەدای خەڵک بەزۆری منداڵ و کەسی خوار تەمەن سی ساڵی تووشی دێن، جۆری دووەم لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلین خۆڕاگری دەکات و ناهێڵێت خوێن دابەزێنێت، سەدا نەوەدی تووشبووەکان دەگرێتەوە لەهەموویان باوترە ڕووی لەزیادبوونە.