سۆراغ؛ هەوڵ دەدرێت هێمن هەورامی لە پەرلەمان بمێنێتەوە

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

ئەگەرچی هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، بەڵام بە سۆراغی 964+، هەوڵ هەیە بۆ مانەوەی وەکو جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تاوەکو کۆتایی خولەکە.

رۆژی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا هەر كەسێك لە سەركردایەتی پارتی بێت، ئەوا دەبێت دەست لە پۆستە حكومیەكەی هەڵبگرێت.

964+ دەزانێت، ئێستا، ژمارەیەک کەسایەتی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقاڵی رازیكردنی سەرۆكی ئەو حزبەن، بۆ ئەوەی رازی بێت کە هێمن هەورامی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە تاوەکو كۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان.

“هەورامی دەبێت وەجێگری سەرۆكی پەرلەمان لە كارەكەی بەردەوام بێت”

زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتی دەیەوێت هێمن هەورامی لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بمێنێتەوە “بۆ ئەوەی گرفت لە سەرۆكایەتی پەرلەمان روونەدات، هەروەها لەناو فراكسیۆنەكەدا هیچ كەس نەكرێتە جێگر بۆ ئەوەی لێكتێنەگەیشتن لەنێوان ئەندامەکانیدا روونەدات”.

هەر بەپێی زانیارییەکان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی مستەفا مەسعود مستەفا بارزانیەوە لە هەوڵی رازیكردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییە بۆ ئەوەی هێمن هەورامی لەو بڕیارە بەدەر بکرێت و نەیگرێتەوە.

“بابۆ دەیەوێت بارزانی رازی بكات بەمانەوەی هێمن هەورامی”

964+ پەیوەندی کرد بە ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، ئەوان خۆیان بێبەری كرد لەو بابەتە و وتیان، “ئەوە پەیوەندی بە حزبەوە هەیە و ئێمەش چاوەڕێی بڕیاری سەرو خۆمانین”.

رۆژی ٣ تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی ١٤ی لە شاری دهۆك بەست، دوای هەڵبژاردنی كۆمیتەی ناوەندیی و لە یەكەم كۆبوونەوەدا، بە فەرمانی سەرۆکی حزبەکە، هێمن هەورامی كرایە ئەندامی مەكتەبی سیاسی.