٩٨٪ـی منداڵانی ئاوارە بە زۆر ئیشیان پێ دەکرێت
لە رۆژی جیهانیاندا.. منداڵانی کوردستان سێ جۆر توندوتیژیان بەرانبەر دەکرێت
+964
پەرستۆ ساڵح- لایف ستایل
لەگەڵ ئەوەی ساڵانە هەفتەی چالاکی لە رۆژی جیهانی مافەکانی منداڵان ئەنجامدەدرێت، هێشتا منداڵانی کوردستان مافەکانیان پێشێل دەکرێت و، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانیش دەڵێ ٩٨٪ـی منداڵانی ئاوارە بەزۆر ئیشیان پێ دەکرێت.
ستار بەکر، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بۆ +964 وتی “ئامانجی سەرەکیمان هۆشیارکردنەوەی منداڵانە بەرامبەر مافەکانیان وەک لە رێککەوتنامە و بەندەکانی مافەکانی منداڵان جیهانی هاتووە، بۆ ئەمەش هەوڵدەدەین لە رێگای منداڵان خۆیان، گەڕەکەکان، دایک و باوکان و قوتابخانەکانەوە هەڵمەتی هۆشیاری ئەنجام، چونکە دەمانەوێت بزانین ئایا منداڵ زانیاری دەربارەی مافەکانی خۆی هەیە یان نا”.
+964 دەزانێت، چەندین ساڵە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و یونسێف لەگەڵ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی رەشنوسی یاسای پاراستنی مافەکانی منداڵیان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەڵام پشتگوێخراوەو هێشتا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکراوە.
رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئاشکرای دەکات کە سێ جۆر پێشێلکاری لە کوردستان هەیە بەرانبەر مافەکانی منداڵ، ئەوانیش چارەسەری تەندروستی، توندوتیژی و کارکردن بە منداڵان.
ساڵی ١٩٥٤ نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٠ـی تشرینی دووەمی دەستنیشانکرد وەک رۆژی جیهانی مافەکانی منداڵان، ساڵانەش لەم رۆژەدا هەفتەی چالاکییەکانی منداڵانی کوردستان دەستپێ دەکات.
“کارکردنی منداڵان بەشێوەیەکی گشتی بەپێی وەرزەکان دەگۆڕدرێت، لە وەرزی هاوین بەهۆی پشووی خوێندنەوە رێژەی منداڵی ئیشکەر زۆر زیاد دەکات”. ستار بەکر، وای وت، ئاشکراشی بەپێی ئەو راپرسیەی ئەنجامیانداوە دەرکەوتووە ٩٨٪ـی منداڵانی ئاوارەو پەنابەر کار دەکەن، هەرچەندە ساڵانە یاداشت دەدەین بە حکومەت و پەرلەمان، کە دەبێت کارکردنی منداڵان رابگیردرێت و بەڵێننامە بە دایکان و باوکان پڕ بکرێتەوە، بەڵام کەس بەدەم راپۆرتەکانەوە ناچێت.
سەرۆکی منداڵپارێزی کوردستان وتیشی “ئەوەی سەرنجمانداوە لە کوردستان توندوتیژیەکان بەرانبەر منداڵان زیاتر دەروونییە نەک جەستەیی”.