گیاندارە سەیرەکانی بەنداوی دەربەندیخان
گیاندارە سەیرەکەی ناو دەریاچەی دەربەندیخان
+964
محەمەد عومەر – دەربەندیخان
+ڤیدیۆ
لەتۆمارێکی ڤیدیۆییدا لەدوورەوە تارمایی دوو گیانداری رەشی گەورە لە ناو دەریاچەی دەربەندیخان دەرکەوتووەو بەڕێوەبەری بەنداوەکەش دەڵێت نازانن گیاندارەکان چین.
ڤیدیۆکە لە ١٦ـی ١١ـی ٢٠٢٢ تۆمار کراوە و سەڵاح محەمەد، کە مامۆستای زانکۆیە، بۆ +964ـی ناردووە، بەڵام تیمی 964 نەیتوانی بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لەراست و دروستی ڤیدیۆکە دڵنیا بێتەوە.
لە ڤیدیۆکەدا دوو تارمایی رەش دەردەکەون، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن دوو گیاندارن، بەڵام ناتواندرێت بزاندرێت چ گیاندارێکن.
نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا دەنگۆی دەرکەوتنی مارێکی گەورە لەناو دەریاچەکەدا بڵاو بووە و ئەوکات سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەنگۆی بوونی ماری لە دەریاچەکەدا بۆ +964 ڕەت کردەوە.
میدیازان بە مەبەستی زیاتر دڵنیابوون لە بوونی ئەو گیاندارانە، تۆمارە ڤیدیۆکەی بۆ سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان نارد، ئەویش بە +964ـی راگەیاند: تا ئێستا ئەو گیاندارانە لە کامێرا چاودێرییەکانی ئەواندا دەرنەکەوتووە، بەڵام بەدواداچوون دەکەن.