کارەبای هەڵەبجە: ئاسنی تاوەرەکانمان دەدزرێن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە هەڵەبجە ماوەیەکە دیاردەی دزینی ئاسنی تاوەرەکانی کارەبا سەریهەڵداوە و سەدان پارچە ئاسن دیارنەماون، ئەمە بە قسەی بەرپرسان.

سەعید سەید قادر، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە 964+ی راگەیاند، خەڵک بە زۆری پارچەی تاوەرەکان بە ئاسن دەفرۆشن و هەندێکی دیکەشیان بۆ مەبەستی دیکە بەکاریاندەهێنن.

لەبارەی ژمارەی ئەو تاوەرانەی کە مەترسی کەوتنیان هەیە بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە وتی، بەم نزیکانە لە کۆنفرانسێکدا باسیدەکەن.

عادل عومەر سۆفی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا کە لە پەیجی کارەبای هەڵەبجە بڵاوکراوەتەوە رۆژی یەکشەممە وتی، مەترسی کەوتنی هێڵەکان هەیە و به كهوتنى ئهو تاوەرانەش تەواوی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بێ كارهبا دهبن.

بە وتەی عادل عومەر سۆفی، ئەو تاوەرانەی کە کارەبا لە وێستگەی ١٣٢ کەی ڤی سەیدسادق بۆ ١٣٢ کەی ڤی هەڵەبجە دەگوازنەوە مەترسی کەوتنیان لەسەرە.

“بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای هەڵەبجە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە جدیی کاربکرێت بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە و دۆزینەوەی تاوانباران و بەسزاگەیاندنیان”، ئەمە بەپێی راگەیەندراوەکە.

تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی دزینی ئاسنی تاوەرەکانی هەڵەبجە دەستگیرنەکراوە.