پەنجا ساڵە بژێوی ژیانی لەسەر ئاسن کوتینە

+964

مەریەم ئەحمەد – هەولێر

سەباح سدیق، ئاسنگەرێکی لاکۆڵانە و پیشەکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوەو تەواوی ماڵباتەکەیان لەسەر دروستکردنی داو و کوتک و بیور و چەکوشی نەقاڕی، بژێوی ژیانیان دابین کراوە.

سەباح سدیق بۆ +964 قسەی کردووە دوڵێ، لە ساڵانی شەستەکانی سەدی رابردوو باوکی دوکانێکی لەناو ماڵەوە دروستکردووەو کاری ئاسنگەری دروستکردنی داو و کوتک و بیور و چەکوشی نەقاڕی کردووە کە ئەوکات خۆی منداڵێکی تەمەن پێن ساڵان بووە.

“سالی ١٩٩٠ كە باوكم كۆچی دواییكرد، لەوکاتەوە بە تەنیا ئەو دوكانە بەڕێوە دەبەم، بەڵام ئێستا بازاڕی دروستکردنی داو و کوتک و بیور و چەکوشی نەقاڕی لاوازە، وەک پێشتر نیە”. سەباح سدیق وادەڵێ، هەروەها باس لە جۆرە ئاسنێک دەکات کە کێشی پێنج کیلۆیە کە بە بەردی ماوەر ناسراوەو بەرهەمی باشی لێ دروست دەبێت و نرخیشی لە هەمووی بەرزترە.

سەباح سەدیق، ساڵی ١٩٦٥ لەدایکبووەو هەر لە منداڵیەوە لەناو دوکانەکەی باوکی چاوی بە ئاسن و دروستکردنی داس و کوتک و بیور هەڵێناوە، پێچەوانەی منداڵەکانی هاوتەمەنی خۆی هەر لە زووەوە خراوەتە بەر ئیشکردن لە دوکانەکەی باوکی و، یارمەتی داوەو بەردەستی بۆ کردووە.

لەبارەی ئەو ئاسنەی بەکاری دەهێنن بۆ دروستکردنی کوتک و بیور و چەکوشی نەقاڕی، سەباح سدیق وتی “زۆربەی ئاسنی ناوخۆیە، بەشێکیشی ئەو ئاسنەیە کە لە وڵاتی چین هاوردەی کوردستان دەکرێت”.

سەباح سدیق، ساڵی ١٩٧٩ ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، ئەو بە خۆشەویستی ژنی هێناوەو، حەوت منداڵی بە کوتینی ئاسن و دروستکردنی داو و بیور گەورە کردووە کە پێنج كچ و دوو كوڕن، دەڵێ؛ كاری ئاسنگەری لەگەل خوێنم تێكەڵ بووە، ناتوانم وازی لێبێنم.

ئەگەرچی کارەکەیان لاواز بووەو وەک جاران خواست لەسەر کڕینی بیورو داس نیە، بەڵام نرخەکانیشیان گرانن، وەستا سەباح دەڵێ نرخەکان لە پەنجا هەزار تا ١٢٠ هەزار هەڵدەکشێ.