سلێمانی پڕ بووە لە نووسینگەی خانووبەرە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

1792نووسینگەی خانووبەرە و یانزە کۆمپانیای لە سلێمانی تۆمار کراون، بە پێی ئامارەکانی ژووری بازرگانیی سلێمانیش، لەمساڵدا ژمارەی نووسینگەکان زۆر زیادیان کردووە سەرەڕای ئەوەی 665 نووسینگە مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.

بە پێی ئامارەکانی بەردەست +964 کە لە ژووری بازرگانیی سلێمانییەوە وەری گرتووە، لە ماوەی ساڵانی 2021 تا ئێستا 665 نووسینگە مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام نووسینگەی نوێ بەردەوام لە کردنەوەدان.

+964 لە زاری ئاراس کەریم، ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانییەوە دەزانێت، ئەمساڵ زیاد لە 47 نووسینگە لە سلێمانی خۆیان تۆمار کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر بە سێ ساڵ ئەو ژمارە نووسینگەیەی خانووبەرە تۆمار نەدەکران.

نووسینگەکانی خانووبەرە هۆکارەکەی بۆ زۆریی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و خواستی زۆری خەڵک لەسەریان دەگەڕێننەوە.

مستەفا خەیروڵڵا، خاوەنی عەقاراتی حاجی سەلام لە شاری سلێمانی بە +964ـی راگەیاند: پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی بەردەوام لە زیادبووندان، ئەوەش خستنەبازاڕ و فرۆشیان دەوێت، بۆیە نووسینگەکان لە سلێمانی لە زیادبووندان.

بە بڕوای ئەو خاوەن نووسینگەیە خواستی زۆری خەڵک لەسەر کرێ و کڕین وای کردووە نووسینگەکان زۆر بن، “ئەوەش کێشەی نەشارەزایی و تێکەوتنی خەڵکی تێکەوتووە، چونکە هەندێ نووسینگە زانیارییان لەسەر کەرتەکە نییە.”