بەڕێوەبەری کارەکانی: زیاد ئەسعەد لە جاران دەنگی خۆشترە

+964

پەرستۆ ساڵح – هەولێر

هونەرمەند زیاد ئەسعەد، بەهۆی وەرزش و چاودێری پزیشکیەوە تەندروستی جێگیرە، هیچ گرفتێکی جوڵە و قسەکردنی نییە، لە جاران دەنگی خۆشترە، ئەمە هەمووی بە قسەی بەڕێوەبەری کارە هونەرییەکانی.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر دۆخی تەندروستی زیاد ئەسعەد بڵاودەبێتەوە، عەبدولغەفار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کارە هونەرییەکانی تایبەت بە 964+ قسەی کرد.

ئەو وتی، “حەزدەکەم بە روونی بڵێم هەموو ئەو دەنگۆ و قسانەی دەوترێت خراپ رۆیشتوون، لە راستیدا، زیاد ئەسعەد جوڵەی ئاساییە و وەرزش دەکات و بەردەوام لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، هیچ کێشەیەکی گفتوگۆ و دەنگی نییە و گۆرانیش دەڵێت و لە جاران دەنگی خۆشترە”.

بە قسەی ئەو، زیاد ئەسعەد تەنیا بەهۆی گرفتی تەندروستیەوە ئیتر گۆرانی نەوتووەتەوە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٦ جەڵتەی مێشک لێیدابوو.

هەروەها ئاشکرای کرد، زیاد ئەسعەد لە ئێستادا وەکو ئاوازدانەر کار بۆ زنجیرە درامایەکی کوردی دەکات بەناوی کۆشکی هەنار.

زیاد ئەسعەد، ساڵی ١٩٦٦ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایکبووە، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و هۆنراوەنووسێکی دیاری کوردستانە، لە ١٩٨٨ یەکەم کاسێتی خۆی بڵاوکردووەتەوە.