دێربی پشدەر؛ رانیە لە کۆیەی بردەوە

+964

مه‌جید بیتوێنی – رانیه‌

ئێوارەی رۆژی دووشەممە، یانەی رانیە لە یانەی کۆیەی بردەوە، کە دێربی ناوچەی پشدەرە لە خولی پلە یەکی کوردستان، بە ئەنجامی یەک بە سفر گۆڵ.

یارییەکە گه‌ڕی دووەمی یارییەکانی خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان بوو بۆ تۆپی پێ.

یاری نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی تیپی یەک ناوچه‌ن و ركابه‌ریی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، دێربیش واتە یاری نێوان دوو یانەی هەمان شار یان ناوچە.

جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ یارییه‌كه‌دا ئاماده‌بوون، كه‌ به‌شێكی کەمیان له‌ كۆیه‌وه‌ هاتبوون، تاكه‌ گۆڵی یارییه‌كه‌ له‌ خوله‌كی ٤٧ له‌لایه‌ن محه‌مه‌د حامید بۆ یانه‌ی یانه‌ی رانیه‌ تۆماركرا.

هاندەرانی رانیە به‌ سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كه‌یان دڵخۆش بوون، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هانده‌رانی كۆیه‌ خه‌مبار و بێتاقه‌ت بوون.

سابیر حاجی یەکێک لە کۆنترین هاندەره‌کانی یانەی رانیە، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ هانده‌ری تیپی شاره‌كه‌یه‌تی.

ئه‌و بۆ 964+ وتی، “یانەکه‌مان پارساڵ شایەنی خولی نایاب بوو بەڵام غەدرێ لێ کرا، ئەمساڵ بەهه‌موو شێوەیەک پاڵپشتی دەکەین بۆ خولی نایاب سەربکەوێت”.

ئاکۆ عەبدۆڵا راهێنەری یانەی رانیە بۆ 964+ قسه‌ی كرد دوای بردنه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا له‌ ئاستی تیپه‌كه‌ی رازیی نییه‌ و ده‌یه‌وێت باشتر یاریی بكه‌ن.

هاندەرانی کۆیە به‌ ژمارەیه‌كی كه‌م له‌ یارییه‌كه‌دا ئاماده‌بوون، بە شێوەی ساردوسڕیش له‌ یاریگه‌ دانیشتبوون.

له‌ دوای یارییه‌كه‌ش 964+ هه‌وڵی دا لێدوان و سه‌رنجی ستافی مه‌شق و هانده‌رانی یانه‌ی كۆیه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وان بۆ هیچ میدیایه‌ك قسه‌یان نه‌كرد و به‌ خێرایی یاریگه‌یان جێهێشت.

یانه‌ی كۆیه‌ له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌میشدا به‌رانبه‌ر یانه‌ی هه‌ڵۆ شكستی هێناوه‌ و سه‌ره‌تایه‌كی خراپی ده‌ستپێكردووه‌.

له‌ به‌رانبه‌ردا یانەی رانیە یاری رابردوو به‌بێ گۆڵ له‌گه‌ڵ خانه‌قین یه‌كسان بوو.

خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ به‌شداریی ١٩ یانە بەڕێوەدەچێت.