توێژینەوەیەک: بۆتۆکس چارەسەری خەمۆکی دەکات

+964

پەرستۆ ساڵح – هەولێر

توێژینەوەیەکی زانستی پێشنیاز دەکات، بەکارهێنانی بۆتۆکس جگە لە بەخشینی جوانی بە پێست، هاوکات دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی هەندێک گرفتی دەروونی.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستی Scientific Reports بڵاوکراوەتەوە، لە کۆتاییەکانی ٢٠٢١.

دکتۆر ئاکسێل وۆڵمەر، پسپۆڕی پزیشکی دەروونی و توێژەر لە زانکۆی سێمێلویس لە هامبۆرگ، هاوکات یەکێک لە پسپۆڕە سەرەکییەکانی توێژینەوەکە دەڵێت، “تەواوی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە تایبەتە بە ژەهری بۆتولینیۆم وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان، لەسەر بنەمای کاردانەوەکانی دەموچاوە، چونکە ماسولکەکانی دەموچاو ئارام دەکاتەوە، مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە دەرکەوتنی توڕەبوونی زۆر یان ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە لەسەر روخساری مرۆڤ دەبینرێت”.

تیۆرییەکە ئەوەیە لە کاتێکدا هەندێک دەربڕینی دەموچاو وەکو مۆنی و خەمباری بەهۆی هەست و سۆزە نەرێنییەکانەوە کە دروست دەبن، راستەوخۆ جارێکی دیکە کاریگەری لەسەر دەروون یان هەستەکانی ئەو کەسە هەیە و رەنگە ئەمە ببێتە هۆی گرفتی دەروونی، هەربۆیە جەخت دەکرێتەوە لەوەی بۆتۆکس جگە لەوەی یارمەتی لابردنی چرچ و لۆچەکانی دەموچاو دەدات، بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی خەمۆکی بوون.