زیاتر لە سێ هەزار خانووی شوێنەوار لە سلێمانی لە مەترسیدان

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

سێ هەزار خانووی شوێنەوار لە سلێمانی لە مەترسیدان و تا ئێستا تەنها هەشت خانوویان لە رووخان پارێزراون. بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری شارەکەش هۆشداری لەبارەیانەوە دەدات.

گەڕەکەکانی جولەکان، سەرشەقام، دەرگەزێن، سابوونکەران، مەڵکەندی، شێخان، کانێسکان و ئابڵاغن لە سلێمانی وەک گەڕەکی شوێنەواری ناسێنراون.

رەوا حەمەکەریم، شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دەڵێت؛ ئەو گەڕەکانە زیاتر لە سێ هەزار خانوویان تێدایە، بەشی زۆریان مەترسی رووخانیان لەسەرە، بەڵام ودجە نیە بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەیان.

“بەشێکیان تێک دراون و کراون بە گەراج و مۆڵ و رووە کەلەپوورییەکەیان لێ کراوەتەوە”، رەوا حەمەکەریم وای +964 وت.

دەشڵێت “١٤ خانوو بوون بە موڵکی شوێنەواری سلێمانی و هەشتیان لێ نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام زۆرینەی خانووەکان پێویستیان بە پاراستنە”.

بەرێوەبەرایەتییەکە، کێشەیان لەگەڵ شارەوانیی سلێمانی هەیە کە هەندێ جار بەدەر لە رێنماییەکان مۆڵەت دەدەنە خاوەن کارەکان بۆ دەستکاریکردنی خانووەکان، وەک رەوا حەمەکریم دەڵێت “تا ئێستا دە خانووی شوێنەوار بە مۆڵەتی شارەوانی و بێ گەڕانەوە بۆ شوێنەوار دەستکارییان کراوە و تێک دراون”.

بە پێی یاسای شوێنەواری عێراقی، هەر پاشماوەیەكی مێژوویی ٢٠٠ ساڵ مایەوە دەبێتە شوێنەوار، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، هەروەها تەمەنی شاری سلێمانی کە ٢٣٨ ساڵە، ئەو هەشت گەڕەکەی کە لەسەرەوە ناویان هاتووە، کە زیاتر لە سێ هەزار خانوو دەبن بوونەتە شوێنەوار.

+964 دەزانێت، شوێنەواری سلێمانی لە بەرنامەیدا هەیە کە تەواوی ماڵی کەسایەتییە سیاسییەکان، نووسەران و هونەرمەندە گەورەکانی سلێمانی، بکاتە شوێنی کەلەپووری و وەک خۆی بیانهێڵینەوە.

لەسەر ئەو پرسە زەردەشت رەفیق، بەرێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی، ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێ؛ هەر داواکارییەک لەو گەڕەکانەوە بۆ ئێمە بێت بەبێ رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار رێگەی پێنادەین دەستکاری خانووەکەی بکات”.

زەردەشت رەفیق، قسەی بۆ پەیامنێری +964 کردووە، ئاماژە بە بڕیارێکی مانگئ ئابی پارساڵی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەکات بۆ پاراستنی گەڕەک و شوێنە کەلەپوورییەکان، دەڵێ؛ بەڵام  دەڵێن جێبەجێ نەکراوە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هۆکاری جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکە بۆ+964  ئاشکرا دەکات و، دەڵێ؛ هیچ بودجەیەک بۆ پاراستنی ئەو ناچە شوێنەوارییانە دانەنراوە، ئەمە هۆکارە لە جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکە.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی “بڕیارەکە هیچ گۆڕانکارییەکی دروست نەکردووەو بازرگانەکانیش لەسەر تێکدانیان بەردەوامن”.

گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی – ڤیدیۆ +964