هانده‌رانی هه‌ولێر به‌ ئاڵای كوردستان ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر ئێران ده‌رده‌بڕن

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر، بڕیاریانداوه‌ له‌ یاریی داهاتووی تیپه‌كه‌یان له‌ خولی نایابی عێراق، یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری پڕ له‌ ئاڵای كوردستان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

كاروان بلباس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی (ب) له‌ هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ به‌ 964+ وت: به‌رنامه‌مان داناوه‌ رۆژی هه‌ینیی داهاتوو، له‌ یاریی یانه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر یانه‌ی شوڕته‌ له‌ خولی نایابی عێراق، یاریگه‌ی یانه‌كه‌مان پڕ له‌ ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ین، به‌ هه‌زاران ئاڵا بۆ هانده‌ران ئاماده‌ ده‌كه‌ین”.

وتیشی “ئه‌م كاره‌مان ناڕه‌زایی و ئیدانه‌كردنێكی مه‌ده‌نیانه‌ی هانده‌رانی وه‌رزشیی هه‌ولێره‌ به‌رامبه‌ر به‌ هێرش و ده‌ستدرێژییه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر خاكی كوردستان، نەک دژی یانه‌ی به‌رانبه‌ر نیه‌، به‌ڵكو به‌رنامه‌ی تایبه‌تمان بۆ به‌خێرهێنانی یانه‌ی شوڕته‌ هه‌یه‌ و ئه‌وان دۆست و هاوڕێی ئێمه‌ن”..

“سوپرایزمان بۆ یانه‌كه‌مان و جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو هه‌یه‌”

هه‌ینیی داهاتوو له‌ گه‌ڕی شه‌شه‌می خولی نایابی عێراق، له‌ یاریی لووتكه‌دا یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی شوڕته‌ ده‌بێته‌وه‌.

ده‌سته‌ی “ب”، به‌شێكی دیكه‌ی هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێرن و تازه‌ دامه‌زراون و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌ره‌كی هانده‌ران به‌یه‌كه‌وه‌ كاری هاندانی یانه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی (ب) له‌ هانده‌رانی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سوپرایزمان بۆ یانه‌كه‌مان و جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو هه‌یه‌ و رۆژی هه‌ینیی داهاتوو به‌ شێوازی تایبه‌ت هانی تیپه‌كه‌یان ده‌ده‌ن و ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی حكومه‌تی ئێرانیش ده‌كه‌ن.

له‌ ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران پێنج جار به‌ مووشه‌ك و درۆن هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر باره‌گا و كه‌مپه‌كانی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و ده‌یان قوربانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.