ڤیدیۆ: بە بێ دەستکێش دەرخواردی خەڵکی دەدەن

964+

شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر

لە بەدواداچوونێکی 964+ دەردەکەوێت، بەشێک لەو کەسانەی لە خواردنگە خێراکان و رێستۆرانتەکانی هەولێر کاردەکەن، بەبێ بەکارهێنانی دەستکێش و کەرەستەکانی دیکەی تەندروستی هاوڵاتیان رایی دەکەن.

ئەم گرتە ڤیدیۆییانە ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ تۆمارکراون لە شاری هەولێر.

یەکێک لە شاگردەکانی خواردنگەیەک بە 964+ی وت، “ئیستا خەڵکی زۆر پرسیاری دەستکێش ناکەن، تەنانەت هەستدەکەین خواردن بە بێ دەستکێش بەتامترە، هەندێکجاریش دەستکێش لەدەست دەکەین، بەڵام کەمتر، خێراتریش کارەکانمان دەکەین”.

لەوبارەیەوە، 964+ پەیوەندی بە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر کرد.

ئەو وتی، “بەداخەوە ئەو دیاردەیە زۆرە و زەحمەتە کۆنتڕۆلی هەمووی بکرێت، بەڵام ئێمە لیژنەکانمان راسپاردووە، بەردەوام چاودێری بکەن، داوامان لە خەڵک کردووە، هەر خواردنگایەکیان بینی بەم شێوەیە، خێرا ئاگادارامان بکەنەوە”.

باسی لەوەشکرد، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک دوکان و خواردنگەیان داخستووە، بەهۆی ئەوەی پاکوخاوێن نەبوون. لە رووی تەندروستییەوە، دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە ڤایرۆس و بەکتریا زیانبەخشەکان لە پێستی دەستی کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە، لەبەرئەوەیە کە فەرمانگەکانی تەندروستی و قایمقامیەت داوای جێبەجێکردنی رێنماییەکان دەکەن.