دواى 14 رۆژ له‌ داخستنى

رێگاى دۆڵى سماقوڵى كرایه‌وه‌ و ده‌ست به‌ چاككردنیشى كرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى 14 رۆژ له‌ داخستنى ، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رێگاى دوڵى سماقوڵى كرایه‌وه ‌و به‌پێی قسه‌ى یه‌كێك له‌ خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌كه‌، كردنه‌وه‌ى رێگاكه‌ له‌سه‌ر به‌ڵێنى وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بووه‌.

به‌هرۆز محه‌مه‌د قادر، یه‌كێك له‌ خه‌ڵكی ناڕازى دۆڵى سماقوڵى كه‌ ماوه‌ى 14 رۆژه‌ رێگاكه‌یان به‌ڕووى بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه‌ داخستبوو، به‌ 964ـى وت “ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر به‌ڵێنی وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كه‌ دوێنێ سه‌ردانى سماقوڵى كردبوو، رێگاكه‌مان كرده‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، دوێنى وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ كاتى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ دۆڵى سماقوڵ چه‌ند به‌ڵێنێكی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دابوو، ئه‌وانیش بریتین له‌ چاككردنه‌وه‌ى ته‌واوى رێگاكه‌ و قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆى بارهه‌ڵگره‌كانیش به‌و رێگایه‌.

وتیشی “هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ر له‌ كردنه‌وه‌ى رێگاكه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی ناڕازى سماقوڵییه‌وه‌، تیمه‌كانى چاككردنى رێگاوبان، له‌ سنوورى گوندى زیاره‌ته‌وه‌ ده‌ستیان به‌ چاككردنى ئه‌و رێگایه‌ كردووه‌”.

جگه‌ له‌ رێگاى دۆڵى سماقوڵى، ماوه‌ى 12 رۆژه‌ رێگاكانى دۆڵى هیران و كۆیه‌ – هه‌ولێر و ماوه‌ى حه‌وت رۆژیشه‌ رێگاى دۆڵى بالیسان به‌ رووى بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه‌ داخراون، له‌ ئێستاشدا ته‌نیا رێگاكه‌ى سماقوڵى كراوه‌ته‌وه‌.