سۆمۆ داوای لە توركیا كردووە

سامانە سروشتییەکان: هەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا رەزامەندی توركیای ماوە

+964
كوردستان ئەحمەد

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، هەموو رێكارەكانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و تەنیا ماوە توركیا رەزامەندی لەسەر بدات.

كەمێك پێش ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە پۆستێکی فەیسبوکدا رایگەیاند، كۆمپانیای سۆمۆ رۆژی 10ی ئایاری 2023، بە فەرمی داوای لە توركیا كردووە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری كەركوك – جەیهان دەستپێبكاتەوە.

دەقی نوسراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان.

دوای رێکەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رێوشوێنەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تەواو بووە.
کۆمپانیای سۆمۆ لە رۆژی (10)ی ئایار بە فەرمی داوای لە لایەنی تورکی کردووە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری کەرکوک – جەیهان دەست پێ بکرێتەوە.
ئێستا هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوت، چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەن.

زیاتر لە  40 رۆژە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم وەستاوە، ئەمەش دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس هات لە رۆژی 25.3.2023.

هەفتەی رابردوو، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیک پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە، هاوکات سەرچاوەیەک ئەوەی ئاشکراکردبوو رۆژی 1.5.2023 شاندێکی هەرێم و بەغدا سەردانی تورکیایان کردووە بۆ هەمان مەبەست.

رۆژی 25ی ئادار، دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیای ناچارکرد بە راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکرد زیاتر لە 40 رۆژە هەرێم نەوتی نەفرۆشتووە.