مە‌رزی تە‌وێڵە‌ – شۆشمێ بووەتە گۆڕستانی باینجانی ئێرانی

لە دوو هەفتەدا ١٦ تۆن و نیو باینجانی خراپبوو

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

تۆنێک باینجانی دیکەی خراپ بوو لە مەرزی تەوێڵە – شۆشمێ دەستی بەسەردا گیرا، بەمەش بووە شانزەیەمین تۆن لە دوو هەفتەدا دەستی بەسەردا بگیردرێت.

لە مە‌رزی تە‌وێڵە‌ – شۆشمێ، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ٢٤ـی تشرینی دووەم، دەستگیرا بەسەر بڕی یەک تۆن باینجانی خراپ بوودا کە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە کرابوو، لەماوەی دوو هەفتەشدا ئەمە شانزەیەمین تۆنە کە لە هەمان دەروازە دەستیبەسەردا دەگیرێت.

کەیوان مەنوجەر فەتاح، لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ بە 964+ـی راگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەدا ئەمە سێیەمین جارە هەوڵدەدرێت بڕێکی زۆر باینجانی خراپبوو هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت کە بڕەکەی دەگاتە ١٦ تۆن و نیو.

لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ دەڵێ؛ هەموو باینجانەکان بۆگەنیو و رزیو بوون، شیاو نەبوون بۆ خواردن بۆیە رێگە نەدراوە داخڵی کوردستان ببێت.

مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و یەکێکە لە مەرزە لاوەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بڵاوکراوەتەوە، ئەو یەک تۆن باینجانەی کە پێنجشەممە دەستیبەسەردا گیراوە، لەلایەن لیژنە‌ی لە‌ناوبردن و ئاودیوكردنە‌وە‌وە‌ لە‌ناوبراوە.

بڕەکەی دیکە کە ١٥ تۆن و نیوە گەڕێندراوەتەوە بۆ وڵاتی ئێران، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە وای وت.

لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ بە 964+ـی راگەیاند، زۆربەی ئەو باینجانەی کە دەستیبەسەردا گیراوە بۆ بازاڕی سلێمانی هاوردەکرابوون.