کەرکوک زیانمەندی یەکەمی لافاوەکانی دوێنێ بوو
+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
دوێنێ هەینی بارانێکی بەخوڕ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوکی گرتەوە، جگە لە زیانی مادیی، دوو منداڵیش خنکان، تاوەکو ئێستاش لافاو لە چەند ناوچەیەک مەترسی دروستکردووە.
دوو منداڵەکە خوشک و برا بوون، یەک ساڵ و سێ ساڵان، لە خێزانێکی عەرەب بوون، لە گوندی حەسار لە ناوچەی شوانی نزیک کەرکوک ئەرکیان پاراستنی حەوزی ماسی بووە، ئەم بەیانیە تەرمەکانیان دۆزرانەوە.
ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی كەركوک بە 964ی وت، لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا بەهۆی بارانبارینەوە لە چەند شوێنێكی كەركوك لافاو و گردبوونەوەی ئاو روویداوە و بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی زیانیان پێگەیشتووە.
هەر لە گوندی حەسار هاوڵاتییەك ٢٠ دۆنم زەوی كردووە بە كشتوكاڵ و و خانوی پلاستیكی و هەر هەمووی ئاو بردوویەتی، ئەمە جگە لە تێکچوونی ١٥ حەوزی بەخێوکردنی ماسی، بە قسەی بەرگری شارستانی کەرکوک.
لەلایەکی دیکە، عەمید دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی بۆ 964+ باسی لەوە کرد، “لافا و لە چەند گەڕەكێك روویداوە و لە چەند شوێنێك بەهۆی كۆبوونەوەی ئاو ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستبووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و زیانە مادییەكانیش زۆر كەمن”.
بەرگری شارستانی هەولێر لەبارەی رووداوەكانی لافاوەوە راگەیەندراوێکی هەبوو، تێیدا دەڵێت، “لە چەند گەڕەك و ناوچەیەك لافاو دروستبووە و لە چەند گەڕەكێكیش ئاستەنگ بۆ هاوڵاتیان دروست بوو، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و بەردەوام تیمەكانمان ئامادەن بۆ هەر حاڵەتێكی كتوپڕ”.
لە هەولێر ماوەی دوو رۆژە زیاتر لە ٥٠٠ ماڵ کێشەی کارەبای نیشتمانییان هەیە، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەباش دەڵێت بەهۆی بارانبارین ئاو چووەتە نێو بۆردی پێوەری زیرەکی ئەو ماڵانە بۆیە کارەبایان بڕاوە.
بە تەنیا لە ماوەی دوێنێ هەینی، رێژەی بارانبارین لە ناوەندی شاری سلێمانی ٢١ ملیم بووە، لە هەولێر ١٨.٨ ملیم، لە دهۆک ١٢ ملیم، هەڵەبجە ٦.٨ ملیم و کەرکوک ٤٠.٥ ملیم بووە، بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان.