دوو ساڵە کەس لە سلێمانی پۆستەی بۆ دەرەوەی وڵات نەکردووە

پۆستەی سلێمانی؛ داهاتمان نزیکبووەتەوە لە سفر

964+
رێژوان مامە – سلێمانی

بەهۆی راگیراون و لەکار کەوتنی، دوو ساڵە کەس لە سلێمانییەوە پۆستەی بۆ دەرەوەی وڵات نەکردووە، ئەمەش وایکردووە داهاتی پۆستەی سلێمانی نزیک بێتەوە لە سفڕ.

غەریبە محەمەد رەئوف، بەڕێوەبەری نووسینگەی پۆستەی سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ تا ئێستا پۆستەی سلێمانی بۆ دەرەوەی وڵات وەستاوە، ئەمەش وایکردووە تەنیا پۆستە لە سلێمانییەوە بۆ ناوخۆی وڵات بنێرین.

پۆستەی سلێمانی بۆ ناوخۆی وڵات، لە گرامێکەوە تا ١٠٠ گرام هەزار تاوەکو هەزارو ٥٠٠ دینار وەردەگرێت، بەڵام بۆ تورکیا و ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان ۱۲ هەزارەو، بۆ ئەوروپا ۱٥ هەزارو، بۆ ئەمریکاش ۱۸ هەزارە بۆ هەر کیلۆیەک.
غەریبە محەمەد رەئوف، بەڕێوەبەری نووسینگەی پۆستەی سلێمانی دەڵێ؛ کاتێک ناردنمان بۆ دەرەوە هەبوو مانگانە نزیکەی پێنج تۆن کەلوپەل و پێداویستیمان بۆ دەرەوە دەناردو داهاتەکەشی دەگەیشتە نزیکەی ٣٥ ملیۆن دینار، بەڵام ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن دینارە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی پۆستەی سلێمانی؛ داهاتمان نزیک بووەتەوە لە سفڕ

بەپێی بەدواداچوونێکی +964، ئەمە جاری یەکەم نیە پۆستەی سلێمانی بۆ دەرەوە بوەستێت، جاری یەکەم دوای بەهۆی لێکەوتەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٠١٧ راگیرا، دوای چەند مانگێک دەستیپێکردەوە، ئەمجارەشیان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بوو کە تا ئێستاش وەستاوە.

پۆستەی سلێمانی دەکەوێتە سەر شەقامی مەولەوی، لە زۆربەی فەرمانگەکان سندوقی هەیە و هەفتەی جارێک دەچن بەریدەکان دەهێننەوەو دابەشی دەکەن بە مەرجێک پولی ئەوانی پێوە بێت.

غەریبە محەمەد رەئوف، بەڕێوەبەری فەرمانگە روونی دەکاتەوە کە بەپێی رێنماییەکان ناردنی پارە، ئاڵتون، دەرمان و شلەمەنییەکان قەدەغەیە، نابێت کێشی هەر پۆستەیەکیش لە ٢٠ کیلۆ زیاتر بێت.
زیاتر وتی “کێشەی نەبوونی ئۆتۆمبێلی هەیە و بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانیان باشتر بکەن و بەریدەکانیان خێراترو زیاتر بکەن”.

پۆستەی سلێمانی – ڤیدیۆ +964