وەزارەتی کشتوکاڵ: بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون ئاژەڵ لە کۆڵان سەرمەبڕن

964+
فەهمی نەبی

دوای ئەوەی کە دەرکەوتووە مشەخۆری (قڕنە)ی سەر جەستەی ئاژەڵەکان هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی بۆ خوپارێزی لەو نەخۆشییە بڵاوکردەوە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەرێگەی مێشولەی توشبوو بە ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ئەوەش هاتووە نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی هەڕەشەی توشبوون بە نەخۆشییەکەیان لەسەرە و ساڵانە 100 بۆ 400 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن.

بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێویستە بۆ لەمەودوا سەربڕینی ئاژەڵ بە تەنیا لەنێو سەربڕخانەکان ئەنجامبدرێت، بەجۆرێک سەربڕینی ئاژەڵ لە لاکۆڵانەکان قەدەغە بکرێت، هاوکات پێویستە ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین پشکنینان بۆ بکرێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، پێویستە پشکنین بۆ کەرەستە و کەلوپەلی سەربڕخانەکان بکرێت، هاوکات ئەوەش هاتووە، ئەو ئاژەڵانەی لە سنوورەکان و فڕۆکەخانەکان دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە دەبێت کەرەنتین بکرێن.

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت دەرمانی پێویست بۆ لەناوبردنی مشەخۆری (قڕنە) دابیندەکەن، داواش دەکەن لە سنوورەکان هێنانی ئاژەڵ بە قاچاخ قەدەغەبکرێت.

ئەو کەسانەی دووچاری ڤایرۆسەکە دەبن، نیشانەکانیان تا 10 رۆژ لێدەردەکەوێت، کە بریتییە لە تای بەرز، سەر ئێشەی توند، رشانەوە و ئازاری جومگەکان.

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ژمارەی ئەوانەی دووچاری نەخۆشی تای خوێنبەربوون هاتوون گەیشتوەتە 119 کەس، بەگوێرەی سەرچاوەکە یەکێک لەوانەی دووچاری نەخۆشیەکە بووە لە شاری هەولێرە، ژمارەی ئەوانەشی بەهۆی نەخۆشیەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 18 کەس، بەجۆرێک زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە زیقاڕ بووە بە شەش حاڵەت.