بە وریاییەوە تایە بۆ ئۆتۆمبێلەکەت بکڕە
+964
رێژوان مام قادر – سلێمانی
ڤیدیۆ
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێنج بۆ شەش ملیۆن تایە لە چوار وڵاتەوە هاوردە دەکات، بە قسەی فرۆشیارێک، تایەی کوالێتی خراپ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێم دوو ملیۆنی تێپەڕاندووە.
فەرمان عوسمان، خاوەنی پێشانگای فەرمان بۆ فرۆشتنی تایەی ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی بۆ +964ـی روونکردەوە، شۆفێرانی تاکسی پێویستە ساڵانە تایەکانیان بگۆڕن، ئۆتۆمبێلی تایبەتیش پێویستە لەدوای دوو بۆ سێ ساڵ تایەکانیان بگۆڕن.
بە پێی وتەی فەرمان، تایەکانی هەرێم لە چین، کۆریا، تایلەند و ژاپۆنەوە هاوردە دەکرێن و “باشترینیشیان تایەی ژاپۆنیە و خواستێکی زۆری لەسەرە.”
+964 بە پشتبەستن بە زانیاریی یەکێتیی هەناردە و هاوردەکارانی هەرێم دەزانێت، ساڵانە پێنج بۆ شەش ملیۆن تایەی جۆراوجۆر هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
“تایەی کوالێتی خراپ زۆر بووە، بازرگانان لە چین سیمی زیاد دەکەن و کەتانی کەم دەکەن و بە نرخی کەمتر دەفرۆشرێن و بەرگەی شەش مانگ لێخووڕین ناگرن”، فەرمان عوسمان وای وت.
دەشڵێت، نرخی جووتێک تایە لە ٥٠ دۆلارەوە بۆ نزیکەی چوار هەزار دۆلارە، بە پێی جۆری ئۆتۆمبێل و قەبارە و کوالێتییەکەی.
ئەو فرۆشیارە ئامۆژگاریی شۆفێران دەکات، تایەکانیان لە بەرکەوتنی هەتاوی زۆر بپارێزن، هەروەها کەمبوونی هەواش هۆکارێکی تری زوو خراپبوونی تایەی ئۆتۆمبێلە.
بە بڕوای ئەو، ئەو تایانەی چوار خەتن بۆ کەشوهەوا و تاسە و شەقامەکانی هەرێم زۆر گونجاون و دەنگ کەم دەردەکەن و نەرمترن.