زانیاری نوێ سەبارەت بە ئایفۆن ١٥ ئاشکرا دەبێت

+964

بڵند عوسمان – هەولێر

دواجار ئایفۆنیش هاتە ریزی مۆبایلەکانی سیستەمی ئاندرۆید، بەپێ زانیارییە دزەپێکراوەکانیش بێت ئایفۆن ١٥ دەرچەی بارگاویکەرەکەی دەگۆڕێت بۆ جۆری تایپ C.

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان بڕیاروایە کۆمپانیای ئەپڵ لە مۆدێلی نوێی مۆبایلەکانی ئایفۆن پشت بە دەرچەی بارگاویکەری جۆری تایپ C ببەستێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو کۆمپانیایە لە مۆدێلەکانی پێشتریدا دەرچەی بارگاویکەری تایبەت بەخۆی هەبووە کە جیاواز بووە لەوانی دیکە.

یەکێتی ئەوروپا، لە بڕیارێکدا لەبارەی کێبڵی بارگاویکەری مۆبایل رایگەیاند کە دەبێت سەرجەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مۆبایل لە دونیادا، لەمەولا بارگاویکەری جۆری تایپ C بەکار بهێنن، ئەمەش بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئەو خەرجییە زۆرەی دەکەوێتە سەر کڕیارانی مۆبایل لە کڕینی بارگاویکەرو، هەروەها ئەو زیانە ئابووری و داراییە دەکەوێتە سەر بەکارهێنەران.

بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا، ساڵی ٢٠٢٤ دوا وادەیە بۆ کۆمپانیاکان، پێش بڵاوکردنەوەی ئایفۆن ١٤، چاوەڕوان دەکرا کۆمپانیای ئەپڵ لەم مۆدێلە نوێیەیدا پشت بە بارگاویکەری تایپ C ببەستێت، بەڵام وای نەکرد، بۆیە شارەزایانی بواری تەکنۆلۆجیا پێیانوایە بۆ ئایفۆن ١٥ پشت بە تایپ C دەبەستێت بۆ ئەوەی خۆی لە سزای یەکێتی ئەوروپا بەدوور بگرێت.

 ئەپڵ، کۆمپانیایێکی ئەمرکییە کە بەهای پشکەکانی دەگاتە سەروو دوو ملیار دۆلار، بەمەش لە پێشەنگی کۆمپانیاکانی بواری مۆبایل دایە.