لە سلێمانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کەوتە کار
964+
دێسکی کوردی
بە بڕیاری ھاتوچۆی سلێمانی لە کاتژمێر 8:00ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە، 24 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان تاسڵوجە بۆ دوکان کەوتنە کار.
بۆ یەک هەفتەی رابردوو، کامێراکان وەکو تێست لە کاردا بوون، بەڵام ھیچ سزایەکیان بۆ شۆفێران تۆمارنەکرد، ئەگەر بە خێرایی سەرو 100 کیلۆمەتریش لە کاتژمێرێکدا رۆیشتبن.
رائید بەھمەن عەبدوڵا، وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، “تیمە تەکنیکییەکان کارەکانی سیانە و تاقیکردنەوەی کامێراکانیان بە کۆتا گەیاندووە و لە کاتژمێر 8:00ـی سەرلەبەیانیەوە سەرپێچییەکان لەسەر شۆفێران تۆمارکراون”.
بە وتەی بەھمەن عەبدوڵا لە ھەر سایدێکی شەقامەکە 12 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیرکراون، شۆفێر نابێت خێرایی رۆیشتنی زیاتر بێت لە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ئەگەر دەیەوێت سزا نەدرێت.
وتەبێژەکەی ھاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی وت، لە نێوان 70 بۆ 250 ھەزار دینار سزای سەرپێچییەکانە، ئەوەش بەپێی خێرایی ئەو شۆفێرەی سەرپێچییەکەی تۆمارکردووە.
ھاتوچۆی سلێمانی لەکاتی بوونی ھەر مامەڵەیەک بڕە پارەکە لە شۆفێری سەرپێچیکار وەردەگرێت ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەی تۆمار و رەقەم بوو، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی بێ تابلۆ و بێ سەرەتان بە وەسڵێک سەرپێچییەکەیان لەسەر ھەژماردەکات.