جووتیارێکی گوندی تۆپزاوا: سوپای عێراق ناهێڵێت دروێنە بکەین
964+
كاروان ساڵحی
بەشێک لە دانیشتووانی گوندی تۆپزاوا لە کەرکوک دەڵێن، بە تۆمەتی “زیادەڕۆیی” هێزەکانی سوپای عێراق هاتوونەتە سەر دەغڵودانەکانیان و ناهێڵن دروێنەی بەرهەمەکانیان بکەن.
گوندی تۆپزاوا دەکەوێتە سنوری قەزای حەویجە لە باشوری پارێزگای کەرکوک.
بەپێی زانیارییەکان، دانیشتووانی ئەو گوندە لە نەتەوەی کورد و تورکمانن.
ئیحسان عەلی جووتیارێکی گوندی تۆپزاوایە و بە 964ی وت، “هێزەکەی سوپای عێراق هاتە سەرمان و بە مەبەستی ئەوەی دەست لە دروێنە هەڵبگرین و دەڕاسەکانمان بووەستێنین تەقەی هەڕەمەکییان کرد بەسەرماندا”.
ئەو وتی، کە ئەفسەرێکی سوپای عێراق پێی وتووە، “ئێوە زیادەڕۆییتان كردووە و ئەم زەوییانە موڵکی وەزارەتی بەرگری عێراقن”.
هەروەها بەو جووتیارانە وتراوە، لە سێ رۆژی داهاتوودا لیژنەیەک دەهێنن تاوەکو “زیادەڕۆییەکان” دیاریبکات.
بەپێی زانیارییەکانی 964، ئەو زەوییانە نزیکەی 13 هەزار دۆنم دەبن، حاڵی حازر سوپای عێراق پاسەوانیی دەکات و ناهێڵێت جووتیارەکان بەرهەمەکانیان رەوانەی سایلۆکان بکەن.