لەسەر داخڵکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن ١٠ کەس لە مەرزی پەروێزخان دەستگیرکران

+964

هونەر فارس -گەرمیان

بەهۆیی داخڵکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم لە مەرزی پەروێزخان، نزیکەی ١٠ شۆفێر و خاوەن نوسینگەی گومرگی لە مەرزی پەروێزخان دەستگیرکران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە +964ـی راگەیاند، شەوی رابردوو نزیکەی ١٠ شۆفێر و خاوەن نوسینگە ویستویانە ٢٠ ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن و نزم داخڵ بکەن، بەڵامم رێگەیان نەدراوەو دەستگیر کراون.


لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە، وەزارەتی دارایی و ئابوریی بڕیاری داوە کە بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو جێگایەی لێیەوە هاوردە کراون، بەڵام لەلایەن هێزی کۆماندۆوە، سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەو کەسانەش کە ویستویانە بە نایاسایی بیهێننە هەرێمی کوردستانەوە، دەستگیر کراوە.


بەگوێرەی رێنمایی ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١، رێنمایی مەرجەكانی سەلامەتی و تۆماركردنی ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسكێلی هاوردەكراو، لە مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی دوو ساڵ پێشتر رادەگیرێت و بە خوار مۆدێل دادەنرێت.


+964 دەزانێت، سەرباری ئەم بڕیارە، لە یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، نزیکەی ٨٣ ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل لە رێگەی مەرزی پەروێزخانەوە هاوردە کراون.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری بە بابەتەکەی زانیوەو بڕیاریداوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە، بەڵام تا ئێستا ئۆتۆمبێلەکان لەناو مەرزی پەروێزخان دانراون.