ئەنجومەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بۆ پۆلیسی هاتوچۆ؛ هەر ئۆتۆمبێلێکمان بگیردرێت خۆپیشاندان دەکەین

964+
توانا نەقی – هەولێر


پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم، هۆشداری دەداتە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کە بکەونە ناو مەفرەزاکانیان ئەوا دەستبەسەر ئۆۆتمبێلەکانیاندا دەگیردرێت. ئەنجومەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانیش دەڵێن؛ نزیکەی پەنجا هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا هەیەو، هەر ئۆتۆمبێلێکیان بگیردرێت ئەوا خۆپیشاندان دەکەین.


ئەگەرچی ساڵی رابردوو ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم تۆمار کران بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبێلانە، بەڵام هێشتا هیچ چارەنووسێکیان نیەو، پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمیش دەڵێ؛ بکەونە مەفرەزەکان دەستبەسەر دەکرێن.


محمد روشدی، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم بە 964+ـی وت؛ هەر ئۆتۆبێلێکی بێسەرەتا بکەوێتە مەفرەزەکانمانەوە دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگرین و بەهیچ شێوەیەک نایدەنەوە بە خاوەنەکانیان.


بەپێی ئامارێکی پێشتری پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ١٩ هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لە کوردستان هەیە، بەڵام ئەنجومەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەڵێن؛ نزیکەی پەنجا هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لە کوردستان هەیە.

ئومێد کوردی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەبارەی بڕیارەکەی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمەوە بە 964+ وت؛ رازی نابین بەو بڕیارەو، هەر ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا دەستی بەسەردا بگیردرێت دێینە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕین.


زیاتر وتی “ژمارەی ئۆتۆبێلە بێسەرەتاکان زۆر زیاترن لەوەی هاتوچۆ رایگەیاندوە، نزیکە لە پەنجا هەزار ئۆتۆمبێل، ئێستاش بەردەوام ئەو ئۆتۆمبێلانە لەلایەن بەرپرسانەوە لە خوارووی عێراقەوە داخڵی کوردستان دەکرێت”.