وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی کەلار راگیرا

+964
میلاد جەلال-گەرمیان

ئەمڕۆ شەممە لە سایلۆی کەلار ھیچ بڕە گەنمێک لە جووتیاران وەرنەگیراوە، بەڕێوەبەری سایلۆکەش دەڵێت، نازانین تاکو کەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بە راگیراوی دەمێنێتەوە.

بۆ ئەمساڵ سایلۆی کەلار بڕیار بوو بڕی 36 ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی گەرمیان وەربگرێت، بەڵام بڕەکە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ 32 ھەزار تۆن.

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق 125 ھەزار تۆنی بۆ ھەرێمی کورستان زیاد کرد و 70 ھەزار تۆن بەر پارێزگای سلێمانی کەوت، لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی” ھەرێمی کوردستانەوە دووبارە دابەشکردنی بۆ کرایەوە و بەشی گەرمیان چوار ھەزار تۆن کەمی کرد لە بری ئەوەی زیاد بکرێت، بەم جۆرەش بڕی وەرگرتنی گەنم بۆ ھەر دۆنمێک کەمبووەتەوە”، بەڕێوەبەری سایلۆی کەلار وای وت.

کاروان رەئوف بەڕێوەبەری سایلۆی کەلار بە تۆڕی 964ى وت”ئەمڕۆ پرۆسەی وەرگرتنی گەنم راگیرا لە سایلۆی کەلار، ھیچ پشتگیرییەک بۆ جووتیاران نەکراوە، داوامان لە کشتوکاڵی گەرمیان کردووە پشتگیریی نوێ بکەن بە پێی ئەو بڕە کەمە، بەڵام ئەوان ئامادەنین پشتگیریی نوێ بۆ جووتیاران بکەن، وەک فشارێک بۆ زیادکردنەوەی بەشی گەرمیان”

دەشڵێت، نازانین تا کەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بە راگیراوی دەمێنێتەوە، بەڵام “تا پشتگیریی نوێ بۆ جووتیاران نەکرێت، ناتوانن گەنم وەرگرن”

ماوەی حەوت رۆژە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە گەرمیان دەستیپێکردووە، تا ئێستا بڕی پێنج ھەزار و 129 تۆن گەنم لە نزیکەی ھەزار جووتیار لە سایلۆی کەلار وەرگیراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا