لە تەم و مژەکەی هەولێر رووداوی هاتوچۆ رووینەداوە

964+ هێمن بەکر – هەولێر لە شەوی رابردووەوە تەم و مژێکی چڕ ناو شاری هەولێر و دەوروبەری گرتووەتەوە، وتەبێژی هاتوچۆ دەڵێت، هیچ رووداوێکی هاتوچۆ بەهۆیەوە رووینەداوە. تەم و مژەکە بە جۆرێک بوو، کە ئاستی بینین لە شەودا کەمتر لە ١٠٠ مەتر بوو، لە بەرەبەیانیشدا تاوەکو ٣٠٠ مەتر بوو. 964+ دەزانێت لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجەش تەم و مژی چڕ هەبووە. هەر دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هەشت رێنمایی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە، تاوەکو بتوانن بە سەلامەتی لەو تەم و مژەدا شۆفێری بکەن. داگیرساندنی گڵۆپەکانی تەم و کەمکردنەوەی خێرایی و هێشتنەوەی مەودا لەنێوان ئۆتۆمبێلەکان بەشێک بوون لە رێنماییەکانی هاتوچۆی هەولێر. ئەمڕۆ دووشەممە، 964+ پەیوەندی کرد بە فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، ئەو وتی، “خۆشبەختانە لە شەوی رابردوو تاوەکو ئێستا، هیچ رووداوێکی هاتوچۆ بەهۆی تەم و مژەوە رووینەداوە”. پێشتر و لە تشرینی یەکەم، کاتێک بۆ یەکەمجار باران لە ئەمساڵدا باری، نزیکەی ٣٠ رووداوی هاتوچۆ روویاندا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، کە زۆربەیان بەهۆی خلیسکانەوە بوو. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان، کەش و هەوای ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.