دووزخورماتووییەکان بوونە قوربانی رێگەی کەرکوک و سەلاحەدین
پێدەچێ زستانی ئەمساڵ بێ نەوت بەڕێ بکەن
+964
كاروان سالح – کەرکوک
تا ئێستا بەشێکی زۆری دانیشتوانی دووز خورماتوو بەشە نەوتی ئەمساڵیان پێنەدراوەو ناچارن لە بازاڕ بە نرخی گرانتر بیکڕن، قایمقامیەتی قەزایەکەش دەڵێ؛ کێشەکە لە گواستنەوەی بەشە نەوتەکە بوو لە کەرکوکەوە بۆ سەلاحەدین.
قەزای دووزخورماتوو، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینی باکووری بەغدایە، دەکەوێتە رۆژگەڵاتی باکوری شارەکەو باشووری رۆژئاوای شاری کەرکوک، سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە، تەنیا وەرگرتنی نەوت نەبێت کە پێشتر سەر بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەهەمە نەوتییەکانی باکور بوو.
ئەمساڵ، ئیدارەی قەزای دووزخورماتوو بڕیاری گواستنەوەی بەشە نەوتی ساڵەنی هاوڵاتیان بۆ سەر ئیدارەی پارێزگای سەلاحەدین دەرکرد، بەڵام ئەو بڕیارە گرفتی بۆ زۆرێک لە دانیشتووانی قەزایەکە دروستکردووەو هێشتا هیچ بڕە نەوتێکیان وەرنەگرتووە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئیدارەی قەزای دووزخورماتوو قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ بۆیە لە کۆبوونەوەی ئیدارەی قەزایەکە بە باشمانزانی بەشە نەوتەکەش بگوازرێتەوە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، بەڵام “ئەمە تووشی کێشەوگرفتی کردین، لە ئێستادا پارێزگای سەلاحەدین نەوتی سپیمان پێ نادات و، رێگەش نادات بگەرێینەوە سەر شاری کەرکوک”.
ئەو سەرچاوەیە کە بەمەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی قسەی بۆ +964 کردووە دەڵێ؛ ئێستا نازانین چی بکەین، تا لەسەر کەرکوک بووین بەشە نەوتی خۆمان وەردەگرت، خەریکە ئەمساڵ دانیشتووانی دووزجقرماتوو بێ نەوت دەمێننەوە، دەبێت بە پەلە چارەسەری ئەو گرفتە بکەین.
فاتمە ئەنوەر، دانیشتووی قەزای دووزخورماتووە تایبەت بە +964ـی راگەیاند؛ ناچارین لە بازاڕی نەوت بکڕین کە نرخی بەرمیلێک ٢٢٠ هەزار دینارە، وتی “تا لەسەر کەرکوک بووین نەوتمان بە کۆبۆن وەردەگرت و هیچ کێشەیەکمان نەبوو”.
+964 چەندینجار پەیوەندی بە حەسەن زەینلعابدین، قائیمقامی دووزخورماتوو کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.