١٠ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی تێدەپەڕی و ئەمساڵ کەس خەڵات ناکرێت

هاوسەرەکەی: سازش لە خوێنی ناکەین

+964

هونەر فارس – گەرمیان

١٠ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی تێدەپەڕێت و هێشتا بکوژەکەی دادگایی نەکراوە، ئەمساڵیش کەس خەڵاتی کاوە گەرمیانی وەرناگرێت. شیرین ئەمین، هاوژینی کاوە گەرمیانی دەڵێ؛ کاوە لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی تیرۆر کرا، بۆیە لە خوێنی خۆش نابین.

سبەی دووشەممە پێنجی کانوونی یەکەم، دە ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی تێدەپەڕێت، تا ئێستاش دۆسیەکەی بە  کراوەیی ماوەتەوەو هیچ کەسێک لەسەر تیرۆرکردنەکەی وەک تاوانبار نەبراوەتە بەردەم دادوەر.

شیرین ئەمین، هاوسەری کاوە گەرمیانی کە‌ ئێستا پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانه لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان‌، لەبارەی كوژرانی هاوسەرەکەیەوە، به‌ 964+ـی وت؛ کاوە زۆر سەرسەختانە دەستی کردبوو بە ئاشکراکردنی گەندەڵی گەندەڵکارانی ئەم سنورە، سڵی لە تیرۆرکردنی نەدەکردەوە، هەمیشە لە کارە رۆژنامەوانیەکانیدا ناوو پیشە و کەسایەتی ئەوانەی ئاشکرادەکرد کە دەستیان بۆ گەندەڵی دەبرد.

“سازش لە خوێنی کاوە گەرمیانی ناکەین و تا دوا دڵۆپی خوێن هەوڵی ئاشکراکردنی بکوژانی کاوە و رۆژنامەنووسانی دیکە دەدەین و بەهەمان نەفەسی کاوەش بەردەوام دەبین”. شیرین ئەمین وای وت.

ئەو قسەیەی شیرین ئەمینی هاوسەری لە کاتێکدایە سبەی دووشەممە دەیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانییە، بەڵام نۆیەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی راگیراوە.

ئازاد عوسمان، خاوەنی ئیمتیازی رادیۆی دەنگ لە گەرمیان و یەکێک لە سەرپەرشتانی یادەکە بە +964ـی راگەیاند، دوای راوێژ لەگەڵ شیرین ئەمین، هاوسەری کاوە گەرمیانی، بە باش زانرا کە بۆ ئێستا خەڵاتەکە رابگرین و لە داهاتوودا بە فۆڕمێکی باشتر لەوەی تا ئێستا کراوە، خەڵاتەکە بدەین بە کەسایەتییەک.

+964 دەزانێت، ساڵی رابردوو هەشتەمین خەڵاتی شەهیدی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی درایە زیندانیانی بادینان، پێشتریش لە ٢٠١٩ ئەو خەڵاتە بە سەلاحەدین دەمیرتاش درابوو.

شیرین ئەمین، ئاشکرای دەکات کە لە مانگی سێی ئەمساڵدا بە ئیمزای ٣٠ پەرلەمانتار، پڕۆژە یاسایەکیان بۆ بە یاسایی ناساندنی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد بوو، بەڵام پەرلەمان ئامادە نیە کاری لەسەر بکات.

کاوە گەرمیانی، ساڵی ٢٠٠٢ وەک فۆتۆگرافەر دەستی بەکاری رۆژنامەوانی کردووە، پێش تیرۆرکردنی سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ بوو کە زیاتر بابەتی بنکۆڵکاری و راپۆرتی بەدواداچوونی لەسەر کەلار بڵاو دەکردەوە، هاوکات پەیامنێری هەفتەنامەی ئاوێنەش بوو.

١٠ ساڵ پێش ئێستا، کاوە گەرمیانی لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیان دەستڕێژی گولەی لێدەکرێت، دوای ئەوەی بکوژ لە دەرگای ماڵیان دەدات و دایکی دەرگا دەکاتەوەو، پێی دەڵێ کە کاریان بە کاوە گەرمیانی هەیە.


کاروان گەرمیانی، یەکێک لە براکان کاوەیە، به‌ 964+ ی وت “تا ئێستا ئەو دەستەی لە پشت تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانییەوە بوو دەستگیر نەکراوە”.

کاوە ئەحمەد، ناسراو بە کاوە گەرمیانی، ساڵی ١٩٧٩لە شاری (رەشت) لە ئێران لەدایکبووە، لە ١٢/١٢/٢٠١٢ ژیانی هاوسەری لەگەڵ شیرین ئەمین پێکهێناوە، هەفتەیەک بەر لە ساڵیادی هاوسەرگیرییەکەی لە ٥/١٢/٢٠٢٣، بە دەستڕێژی گولە دەکوژرێت، بەرهەمی ئەو ساڵەی هاوسەرگیرییەکەشی کوڕێک دەبێت کە دوای کوژرانی کاوە لەدایکبوو، ناویان نا ئامەد، ئێستا ئامەد تەمەنی ١٠ ساڵەو لەگەڵ دایکی دەژی لە هەمان ئەو خانووەی کە کاوە گەرمیانی تێیدا کوژرا.