ئەوقافی دهۆک؛ بانگبێژە دەنگ ناخۆشەکان دووردەخرێنەوە

+964

عەمار عەزیز – دهۆک

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگای دهۆک، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری، خولی دەنگخۆشی بۆ بانگبێژانی مزگەوتەکانی شارەکە دەکەنەوە، ئەوانەی دەنگیان شیاو نەبێت دوور دەخێنەوەو بانگبێژی خۆبەخش جێگەیان دەگرنەوە.

هەفتەی رابردوو، خولێکی دەنگخۆشی بۆ بانگبێژانی ناوەندی قەزای دهۆک کرایەوە کە ٧١ بانگبێژ تێیدا بەشدار بوون، ئەو خولە بۆ ماوەی سێ رۆژ بووەو کۆتایی هاتووەو بەمنزیکانە هەمان خول بۆ بانگبێژانی مزگەوتەکانی قەزای ئاکرێ کراوەتەوە.

عەبدولرەزاق سەعید یەحیا، جێگری بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی دهۆک بە +964ـی راگەیاند، خولەکە لەلایەن مامۆستایانی شارەزای دەنگ سەرپەرشتی دەکرێت، دوای تەواوبوونی خولەکە لە هەموو قەزاکانی دهۆک، ئەوا لیژنەکە بۆچوونی خۆی لەسەر هەر بانگبێژێک رادەگەیەنرێت.

“بەمنزیکانە لەقەزای ئاکرێ هەمان خول دەکرێتەوە، دواتر لە قەزاکانی دیکەش دەکرێتەوە”. عەبدولرەزاق سەعید وای وت، ئەوەشی خستەڕوو ئەو بانگبێژانەی بەشدار دەبن، ئەگەر لەماوەی ئەو سێ رۆژە دەنگیان هەر چارەسەر نەبوو، یان بەهۆی تەمەنەوە ناتوانن گوڕانکاری لەدەنگی خۆیان بکەن، ئەو کەسانە دەکەین بە خزمەتگوزار لە شوێنی ئەوان بانگبێژی خۆبەخش دادەنێین.

لە قەزای ناوەندی دهۆک، ٩١ مزگەوت هەیەو هەروەها ٩١ بانگبێژیش هەیە.

عەبدولرەزاق سەعید وتیشی “بەدواداچوون بۆ دەنگ و شێوازی ووتنەوەی بانگیش دەکەین، ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە لەمەودوا بانگەکان بەخۆشترین شێوە بدرێت وەکو وڵاتانی دەوروبەرمان”.