پارساڵ 67 هەزار بوتڵ خوێن بەخشراوە

بە بۆنەی رۆژی جیهانییەوە هەڵمەتێکی خوێنبەخشین لە کوردستان بەڕێوەچوو

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

بە دروشمی بە خوێن بەخشین گیانی سێ کەس لە مردن رزگار بکە، لەناو پارکی شار هەڵمەتێکی بەخشینی خوێن ئەنجامدرا.

هەڵمەتەکە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی خوێنبەخشین کە دەکاتە ئەمڕۆ چوارشەممە 14.6.2023، هاودەم لە سلێمانی و دهۆکیش هەر بەو بۆنەیەوە هەڵمەتی خوێنبەخشین بەڕێوەچوو.

خوێنبەخشین لە کوردستان پڕۆسەیەکی رۆژانەی بەردەوامە و مانگانە هەزاران بوتڵی خوێن دەبەخشرێت.

دکتۆر سانع ئەبوبەکر، بەڕێوەبەڕی بەڕێوبەڕایەتی بانکی خوێنی هەولێر بە 964ـی وت، رۆژانە لەلایان هاوڵاتیانەوە 200 بوتڵ خوێن دەبەخشرێت.

بەپێی ئامارەکانی بێت لە هەولێر هەزار و 200 تووشبووی تالاسیما هەیە.

تەنیا لە ساڵی رابردوو 67 هەزار و 536 بوتڵ خوێن بەخشراوە، لەم ژمارەیەدا 14 هەزار و 136 بوتڵ دراون بە تووشبووانی تالاسیما و 11 هەزار و 250 بوتڵی دیکەش دراون بە نەخۆشخانەی نانەکەلی.

پیداچوونەوە: فەرمان سادق