داوای دوورخستنه‌وه‌ی رۆناڵدۆ له‌ مۆندیال ده‌كرێت

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

بۆ جاری سێیەم هاندەرانی پۆرتوگال داوا ده‌كه‌ن کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان لە مۆندیالی ٢٠٢٢ دووربخرێته‌وه‌.

هاندەرانی پۆرتوگال له‌ راپرسییه‌كدا داوای ئه‌وه‌یان كردووه‌، له‌ یاریی سبه‌ی به‌رامبه‌ر سویسرا له‌ قۆناغی شازده‌ی مۆندیالی ٢٠٢٢ له‌ پێكهاته‌ی تیپی وڵاته‌كه‌یان دووربخرێته‌وه‌.

رۆژنامەی “ئەبۆڵا”ی پۆرتوگالی راپرسییه‌كی بۆ هاندەرانی پۆرتوگال ئه‌نجام داوه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنی رۆناڵدۆ له‌ یاریی سبه‌ی به‌رامبه‌ر سویسرا، له‌ ئه‌نجامدا بۆ جاری سێیەم هانده‌ران داوای دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كه‌یان كردووه‌.

رۆژنامە پۆرتوگالییەکە رێژه‌ی ده‌نگدانی راپرسییه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ٧٠٪ی به‌شداربووان داوای دوورخستنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ٣٠٪ی هاندەران متمانەیان بە تواناکانی رۆناڵدۆ هەیە، بەو پێیەی داوایان دەکرد لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سویسرا له‌ پێکهاتەی سەرەکیی هەڵبژاردەكه‌یاندا بێت.

ئه‌م راپرسییه‌ شۆكێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ رۆناڵدۆ، له‌ كاتێكیشدایه‌ یاریزانه‌كه‌ ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی تیپه‌كه‌ی بكات به‌ره‌و نازناوی مۆندیال.

رۆناڵدۆ تا ئێستا لە مۆندیالی ٢٠٢٢ یه‌ك گۆڵی بە لێدانی سزا بەرامبەر غانا تۆمار کردووە، هەروەها به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ و له‌ پێكهاته‌ی خراپترین یاریزانانی مۆندیال دیاریی كراوه‌.

رۆناڵدۆ هیوادارە لە یاریی داهاتوودا سبه‌ی به‌رامبه‌ر سویسرا له‌ قۆناغی شازده‌ی مۆندیال، به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌ركه‌وێت و به‌لای کەمه‌وه‌ گۆڵێک تۆمار بکات، بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری مێژوویی پۆرتوگال لە مۆندیاله‌كاندا بە ٩ گۆڵ و ژمارەی ئۆزیبیۆی ئەفسانەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال یەکسان بکاتەوە.