دوو ماتۆڕسوار بینای دژەتیرۆر دەدەنە بەر فیشەک

964+

هونەر فارس- کەلار

تەقە لە بینای دژەتیرۆر لە گەرمیان دەکرێت، سەرچاوەیەکیش لە دژە تیرۆرەوە بە 964+ـی وت؛ هیچ بریندارێکمان نەبووە.

کاتژمێر ١١ـی ئەمشەو پێنجی کانونی یەکەم، لە گەڕەکی ئاوارەکانی قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دوو گەنج تەقە لە بارەگای دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەن.

شایەتحاڵێک لە نزیک شوێنی رووداوەکە، بە 964+ـی وت، ئەوانەی تەقەیان لە بینای دژە تیرۆر کردووە، دوو کەس بوون بە دوو ماتۆڕسکیل، لە چەمی گەڕەکی گازینۆوە سەرکەوتن و دوای تەقەکردن لە بینایەکە لەلایەن دژە تیرۆرەوە بەرپەرچ دراونەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەلار کە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی قسەی بۆ +964 کردووە، دەڵێ؛ دوای ئەوەی تەقەکەرەکان چەند فیشەکێکیان تەقاند، لەلایەن دژە تیرۆرەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و ئەوانیش هەڵهاتوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەسێک لە ڕووداوەکەدا بریندار نەبووە و تا ئێستاش تەقەکەرەکان دەستگیر نەکراون.