حاجیەکی کورد لە مەککە گیانی لەدەستدا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هاوڵاتییەکی کورد لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە مەککە، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی کۆچی دوایی کرد.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەى کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، هاوڵاتییەک بەناوی رەحیمە قادر حەسەن کە تەمەنی 66 ساڵە و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرینە گیانی لەدەستدا.

ئەو هاوڵاتییە لەدوای تێکچوونی باری تەندروستی، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی مەلیک عبدالعزیز لە وڵاتی سعودیە، بەڵام بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستی هەر لەوێ کۆچی دوایی کردووە.

دکتۆر سەرهەنگ جامباز، سەرۆکی تیمی پزیشکی حاجیانی کوردستان بە 964ـی وت، ئەو حاجییە کاتژمێر 10ـی بەیانی لە هوتێل لە شوێنی ماونەوەی باری تەندروستی تێکچووە و دواتر بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی جەڵتەی دڵی دڵ لێیدەدات و لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

زیاتر دەشڵێت: کوڕەکەی هاوسەفەریەتی و تیمی شووشتن و ناشتنی سەر بە وەزارەتی ئەوقافی کوردستان لە عەرەبستانی سعودیەیە و سەرقاڵی ئامادەکاری ناشتنی تەرمی حاجییەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەى کوردستان لە راگەیەندراوەکەیاندا دەشڵێت: رەحیمە قادر حەسەن پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە و لە سلێمانی قەستەرەی بۆ کراوە.