بکوژی نیزام نازم دەستگیر کرا

+964

دیسکی هەولیر

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بکوژی نیزام نازم، خۆی و ئەو چەکەی تاوانەکەی پێ ئەنجامداوە دەستگیر کرا، پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەشی رەوانەی دادگا کراوە.

کاتژمێر دووی بەیانی ئەمڕۆ شەشی کانونی یەکەم، نیزام نازم ئیسماعیل ٤٠ ساڵ، لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی نیشتمان لەلایەن هاوڕێیەکی بەناوی (ب. ف. ع) ٢١ ساڵ، بە چەکی کلاشینکۆف دەکوژرێت.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە کەمێک پێش ئێستا ئەنجامیدا، دەڵێ؛ کاتژمێر چوارو نیوی بەیانی ئەمڕۆ، پۆلیس لە وەها رووداوێک ئاگادار کراوەتەوەو، دوی حەوت کاتژمێر بەسەر ئاگادار کردنەوەی پۆلیس، بکوژی نیزام نازم، بەو چەکەی تاوانەکەی پێکردووە، دەستگیر کرا،

زیاتر وتی “بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە پێش رووداوەکە دەمەقاڵێ لەنێوان بکوژو نیزام دروستبووە”. زیاتر وتی “بە بڕیاری دادوەر، بڕیاری راگیرانی بکوژ دراوەو، دۆسیەکەی رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر دەکرێت”.

نیزام نازم کە ناسراوە بە نیزام منارە، برازای مامۆستای ئایینی مەهداوی هۆرمزیارە کە کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی ناسراوی هەولێرە، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی حاجی عادل حماوییە لە گەڕەکی منارە.

مامۆستا مەهداوی هۆرمزیار، مامی نیزام نازم ناسراو بە نیزام منارە، قسەی بۆ میدیاکان کردووەو دەڵێ؛ (ب. ف. ع) هاوڕێی نیزام بووە، ئەو هاوڕێیەی بەناوی نیزام منارە هەڵساوە بە وەرگرتنی سەرانە لە خەڵکی، نیزامیش ئەمەی قبوڵ نەکردووە، لەسەر ئەمە بووەتە دەمەقاڵێیان، دواتر هاوڕێکەی لەدواوە بەچەکی کلاشینکۆف گولەیەکی لێدەدات و دەیکوژێت.