دوو ساڵە یەکەمە
لە گوندی بێستانسوور گەنمی رێزان بەرهەمهێنرایەوە
+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بۆ ساڵی پێنجەم گەنمی رێزان لە گوندی بێستانسوور بەرهەم هات، ئەمە دووەمین جارە پلەی دووەم لەسەر ئاستی عێراق دەهێنێت، کە مامۆستایەکی زانکۆ سەرپەرشتی دەکات.
رێژەی پرۆتین لە گەنمی رێزان لە 18یە کە لە 6%ی لە گەنمی ئاسایی زیاترە.
گەنمی رێزان بەرهەمی 16ساڵ توێژینەوە و هەوڵدانی مامۆستا (عیماد مەعروف)ە، لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی، کە بە ئامۆزای گەنم ناوی بردووە.
گەنمی رێزان قەدێکی ئەستوور و باڵایەکی بەرزی هەیە، بەرگەی کەشوهەوای سەخت دەگرێت، جیاوازی لەگەڵ گەنمی دیکە ئەوەیە ئەم جۆرەیان پرۆتیناتی بەرزە و ترشی ئەمینی لیوسینی تێدایە.
باڵای گەنمەکە تا 160سانتیم بەرزدەبێتەوە.
د.عیماد مەعروف ئەو پسپۆرەیە کە جیناتی گەنمەکەی بەرهەمهێناوە، بە 964ـی وت، ئەوەی من دروستمکردووە بۆ خزمەتی جوتیارەکانە و هەوڵێکی زانستی بووە، ئێستا هەزاران دۆنم لەو گەنمە بەرهەمدەهێنرێ.
ئەوەشی وت، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کشتوکاڵ روبەرووی زۆر کێشە دەبنەوە، بەڵام جیناتی ئەم گەنمە وا دروستکراوە کە بەرگەی زۆری یان کەمی باران، یان وشکەساڵی بگرێت، تەنانەت دەرمانی قڕکەری مێرووشی ناوێت.
بەوتەی دکتۆر عیماد، دوو ساڵە زانکۆکانی دهۆک لە ئاستی هەرێم و موسڵ لە ئاستی عیراق، لەسەر 80 جۆری گەنم گەنمی رێزان-یان بە باشترین جۆر هەڵبژاردووە.
هەورامان بورهان، جووتیارەکى گوندی بێستانسوورە ئەو بۆ 964 وتی، بۆ خواردنی مرۆڤ و عەلەفی باڵندەش گەنمەکە بەکارهێنراوە، بەڵام بۆ نان دەبێت تێکەڵی گەنمی ئاسایی بکرێت.
ژمارەی دەنکە گەنمەکانی لە هەر گوڵێکیدا دەگاتە 99 دەنک، لە گوڵی گەنمێكی ئاساییدا هەرگوڵێک 40 دەنکە.
بەوتەی ئەو جووتیارە بێت، گەنمەکە لەیەک تۆندا 10 بۆ 15 تۆن بەرهەمی دەبێت، ئەگەر باران زۆر ببارێت و جۆری خاک یارمەتیدەدەر بێت، ئەوە دەگاتە 30 تۆن بۆ هەر یەک تۆن.
تائێستا سایلۆکان ئەم گەنمە وەرناگرن، بەڵام بۆ عەلەف خواستی زۆری لەسەرە.
گوندی بێستانسوور بە دووری 23 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی لە ناحیەی عەربەت، ئەم گوندە کۆنترین گوندی کشتوکاڵییە، کە مێژووەکەی بۆ نۆ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن