ماهیر ئەمین داوا دەکات دوعای بۆ بکەن

+964

پەرستۆ ساڵح – هونەری

ماهیر ئەمین، پاش ماوەیەک دابڕان کلیپی “دوعام بۆ بکەن” بۆ ئاشقان بڵاودەکاتەوە، دەڵێ بە ستایلێکی مۆدێرن و جیاوازتر لە کارەکانی پێشووی.

وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر شەشی ئێوارە، هونەرمەند ماهیر ئەمین کلیپی “دوعام بۆ بکەن” بڵاو بکاتەوە، کە تێکستی گۆرانییەکە بە هاوبەشی لەلایەن هونەرمەند خۆی و هێمن رەشوانی، هەروەها نەجیب گوڵسون و کاوە کاوانی کاری موزیکیان بۆ کردووەو، دەرهێنەر بڵند سۆران کاری کلیپەکەی بۆ ئەنجامداوە.

دەربارەی چیرۆکی کلیپی “دوعام بۆ بکەن” ماهیر ئەمین بۆ +964 وتی؛ “کارێکی ئاشقانە و جیاوازە، باس لە ستەم دەکات لەرووی سۆزدارییەوە کاتێک بەرامبەر کەسێک ئەنجام دەدرێت”

ماهیر ئەمین، شەش مانگ بەرلە ئێستا کلیپێکی بەناوی “پایتەختی ئەوینداران” بڵاوکردەوە، بەڵام بە وتەی خۆی لە ماوەی ئەم چەند مانگە جگە لە دوعام بۆ بکەن، چەند کارێکی دیکەی هونەری ئامادەیە و بۆ ساڵی داهاتوو بڵاویان دەکاتەوە.

ماهیر ئەمین لەدایکبووی رەواندزە، خاوەنی چوار ئەلبوم و چەند بەرهەم و کلیپێکی جیاوازە بە هەردوو ستایلی مۆدێرن و فۆلکلۆری بە زاراوەی سۆرانی و کرمانجی، دیارترینیان بەرهەمی “سێوەخان” بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ بڵاویکردەوە.