ره‌شنووسێک بۆ دامه‌زراندنى ده‌زگای‌ سینه‌ماى كوردستان ده‌درێته‌ په‌رله‌مان

 +964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

ژمارەیەک سینەماکاری کورد، لە گفتوگۆدان بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاسایەک بۆ دامەزراندنی دەزگای سینەمای کوردستان، عەدنان عوسمان خاوەنی بیرۆکەکە دەڵێ؛  پێویستە ئەو بۆشاییە بە یاسایەک پڕ بکرێتەوە.

 
عه‌دنان عوسمان شاناز، سینه‌ماكار و خاوه‌ن بیرۆكه‌ى ئه‌و ره‌شنووسه‌، به‌ +964ـی راگه‌یاند؛ ئه‌و ره‌شنووسه‌ چوارچێوه‌یه‌كی فه‌رمی وه‌رگرتووه‌و له‌رێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایەتى سینه‌ماى هه‌ولێره‌وه‌ بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان گشتاندنى بۆ كراوه‌.


ده‌شڵێ “هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانمان بڕیوه‌، له‌ ئێستادا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ره‌شنووسێكى ته‌واوكراوه‌ بۆ دامه‌زراندنى ده‌زگایه‌كى تایبه‌ت به‌ سینه‌ماى كوردستان، له‌ شاری دهۆك چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر پانێلێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ره‌شنووسه‌ كراوه‌و پشتگیری و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى باشی هه‌بوو”.


پێشتریش ئه‌و ره‌شنووسه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك سینه‌ماكار ناردراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ریه‌ك لای خۆیه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌و سمیناره‌ى كه‌ به‌نیازن به‌م زووانه‌ سازی بكه‌ن هه‌موو تێبینى و بۆچوونه‌كان كۆبكر‌ێنه‌وه‌

+964  دەزانێت، ره‌شنووسەکە زیاتر له‌ ٦٠ لاپه‌ڕه‌یه‌و هه‌موو به‌شه‌كانى سینه‌ماى له‌خۆ گرتووه. .


عه‌دنان عوسمان شاناز، خاوه‌ن بیرۆکەکە‌، گه‌شبینه‌ به‌وه‌ى كه‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن و پشتگیری كردن بۆ ره‌شنووسەکە هەیە له‌لایه‌ن سینه‌ماكارانى كورده‌وه، ده‌ڵێ؛ هه‌موو سینه‌ماكارانى كورد ده‌زانن بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌بواره‌كه‌یاندا هه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌و بۆشاییه‌ یاساییه‌، به‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ پڕبكرێته‌وه‌.