دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی ئیدارەی سۆران  کرایەوە

 ١٥٠٠ کرێکاری دەڤەرەکە دەستەبەر کراوە

+964

ئاسۆ فەیسەڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی کانونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی ئیدارەی سۆران کرایەوە.

 بەئامادەبوونی زەکیە سەید سالح، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی دەڤەرەکە کرایەوە.

+964 دەزانێت، لە ئیدارەی سۆران تەنیا هەزارو ٥٠٠ کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کراوە، هاوکات پەیامنێری +964  پرسیاری ئەوەی لە سەرپەشتیاری ئیدارەی سۆران کرد لەبارەی ئەوەی چەند کرێکار لە ئیدارەی سۆران هەیەو چەندی بیانین، لە وەڵامدا وتی؛ هیچ زانیارییەکمان نیەو، یەکێک لە کارەکانی ئەو دەستەیەش ئەوەیە کە کرێکارانی دەڤەرەکە دەستەبەر بکات.

دوای کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی سۆران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، زەکیە سەید سالح بریکاری وەزیر  وردەکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئامانجی کردنەوەی ئەو بەڕێوبەرایەتییە ئەوەیە خزمەتی زیاتری کرێکارانی سنورەکە بکات، چونکە هەر کرێکارێک دەستەبەر بکرێ ئەوا زەمانی خانەنیشی دەکرێ.

زیاتر وتی “هەر کرێکارێکی دەستەبەر، زەمانی تەندروستی دەکرێت، لەکاتی کاردا تۆشی پێکان ببێ ئەوا چارەسەر وەردەگرێ و دەبێت سەلامەتی شوێنی کاریشی پارێزراو بێت، بەگشتی زامنی ژیانی کرێکاردەکرێ، هەروەها خانەوادەی ئەوکرێکارە پاش مردنی وەک  مووچەیەکی خانەنیشی  بۆخانەوادەکەی  دابین دەکرێ”.