وێنەی کۆبونەوەی بڕیاردانی کردنەوەی کۆلێژ و پەیمانگاکەی کفریە وێنە، پەیجی قایمقامیەتی قەزای کفری
کۆلیژ و پەیمانگایەکی نوێ لە کفری دروست دەکرێن
+964
میلاد جەلال- گەرمیان
زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان تاگەیاندرا، بڕیاریشە کۆلیژێک و پەیمانگایەکی تەکنیکی لە کفری بێتە دامەزراندن، ئەمەش دوای ئەوەی قایمقامی کفری رایگەیاند ئامادەیە بینای قایمقامیەتی خۆی چۆڵ بکات بۆ ئەو زانکۆ نوێیەی گەرمیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.07.2023 لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی گەرمیان، بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان ، رێوڕەسمی راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بەڕێوەچوو.
لە 19.06.2023 بە فەرمانێکی حکومی بڕیاردرا بە دامەزراندنی ھەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیک لە گەرمیان و زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان.
بە فەرمانی وەزاری خوێندنی باڵا بڕیاردرا زانکۆ نوێیەکەی گەرمیان ناوەندەکەی لە قەزای کەلار دەبێت، ئەمەش ناڕەزایەتیی چالاکوانان و دانیشتووانی قەزای کفری لێکەوتەوە و پێیان وابوو فەرامۆش کراون و مافی خۆیانە ئەو زانکۆ نوێیە لە کفری بێت.
لە بەرامبەر گلەیی و ناڕەزایەتیی دانیشتووانی کفری، وەزیری خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان ، بڕیاری کردنەوەی کۆلێژێکی پۆلیتەکنیک و پەیمانگایەکی تەکنیکی لە قەزای کفری دا.
شەماڵ نامیق، قایمقامی کفری بە 964ى وت، “سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بڕیاریداوە لە ھەژماری خۆیان بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی پەیمانگایەکی مۆدێرنی تەکنیکی لە کفری خەرج بکەن، ئەو بەشانەشی کە دەکرێنەوە بە پێی خواستی بازاڕ دەکرێنەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد،”ئامادەم بینای قایمقامیەتی خۆم چۆڵ بکەم و نۆژەنی بکەمەوە بۆ ئەو زانکۆیە نوێیەی گەرمیان، کە لە کفری دەکرێتەوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا