پۆلیسی کەرکوک؛ هیچ عەرەبێک دەستگیر نەکراوە
هێرشی عەرەبەکان بەردەوامە.. بۆردی پێكهاتەكانی كەركوك؛ شارەکە لەبەردەم شاڵاوێكی گەورەی تەعریب دایە
964+
کاروان سالحی – کەرکوک
دوای هێرشەکەی سەر جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان، لە حەفتەغازیش هێرش دەکرێتەسەر جوتیارێکی کوردو بە تاپڕ بریندار دەکرێت. بۆردی پێکهاتەکانی کەرکوک دەڵێن؛ کەرکوک لەبەردەم شاڵاوی تەعریب دایە، پۆلیسی کەرکوکیش دەڵێ؛ هیچ کەسێک لەسەر هێرشکردنە سەر جوتیارانی کورد دەستگیر نەکراوە.
لەسەر هێرشی عەرەبە گوندنشینەکانی کەرکوک بۆ سەر جوتیارانی گوند بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر زەوییەکانیان، تا ئێستا هیچ کەسێکیان لەلایەن پۆلیسی کەرکوکەوە دەستگیر نەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە لە ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبسی رۆژئاوای کەرکوک و گوندی حەفتەغاری سەر بە ناحیەی داقوقی باشووری کەرکوک، عەرەبە هاوردەکان هێرشیان کردەسەر چوار جوتیار.
بەپێی بەدواداچوونی 964+ لە هێرشەکەی سەرگەڕان، عەرەبە هاوردەکان دەستیان گرتووە بەسەر تراکتۆری جوتیارەکان و ئەوەی ۆحەفتەغاریش بە تاپڕ لێیان دراوەو جوتیارێک بریندارە.
قادر محەمەد، ئەو جوتیارەی لە حەفتەغار بەهۆی هێرشەکەوە بە تاپڕ بریندار بووە، بۆ 964+ قسەی کردووەو دەڵێ؛ سێ رۆِژە عەرەبە هاوردەكان دەچنە سەر زەویەكم جووتی لەسەر دەکەن، دوێنی چوارشەممە جارێكی دیكە چوومە سەریان بۆ ئەوەی رێگریان لێبكەم، بەلام بە زیاتر لە ١٠٠ كەسەوە بە داروبەرد هێرشیان کردە سەرم.
زیاتر وتی “زەویەكە موڵكی باو باپیرانمە تاپۆی رەشی هەیە، (عقد زمان) م هەیە، کەچی لەساڵی 2018ـەوە لەلایەن حكومەتی عەبادییەوە رێگەیان پێدراوەو بە چوار تراكتۆر و دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە جووت دەكەن بە بەرچاوی سوپای عێراقی، بەڵام هیچ ناڵێن كە ئێمە رۆێشیتینە سەریان ئەون هەڵهاتن دواتر گەڕانەوە لە پشتەوە بۆمان كە زیاتر لە 100 كەس دەبون و چەكیانێش پێ بوو تەقەشیان لێكردین”.
لە بەدواداچوونێکی 964+ بۆ ئەو پرسە، پەیوەندی بە عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک کرد بەڵام ئامادە نەبوو لەسەر ئەو پرسە لێدوان بدات.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەناو پۆلیسی کەرکوک بە 964+ راگەیاند، هیچ کەسێک لەسەر هێرشەکانی دوێنێ دەستگیر نەکراون، تەنانەت لەسەر هێرشەکانی پێشتریش کەس دەستگیر نەکراوە.
ئەمرۆِ پێنجشەممە هەشتی کانونی یەکەم، بۆردی پێكهاتەكانی كەركوك بە بەشداری نوێنەری سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو یاداشتێكیان بەرزكردەوە بۆ نێردراوی نەتەوە یەكگرتۆكان و سەرۆك كۆمار.
پەیامنێری 964+ ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە بوو، کاتێک حەسیبە عەبدوڵا؛ بەرپرسی بۆردی پێكهاتەكانی كەركوك رایگەیاند؛ شاری كەركوك لەبەردەم شاڵاوێكی گەورەی تەعریب دایە، دەبینین جارێكی دیكە هێرش دەكرێتە سەر جوتیارانی كورد لە ناحیەی سەرگەڕان و قەزای داقوق و گوندەكانی دەوروبەری لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە.
وتی “ئەوە هەوڵدانە بۆ تێكدانی پەیوەندێەكانی نێوان پێكهاتە سەرەكیەكانی شارەكە، پێویستە سەركردایەتی كورد و حكومەتی هەرێم بێنە دەنگ”.