ئەمبوڵانسەکانی سلێمانی بەنزینیان لێبڕاوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە ئەمڕۆ بەیانیەوە ئەمبوڵانسەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بەنزینیان لێبڕاوە، هەر کەسێک پەیوەندیان پێوە بکات دەڵێن ئۆتۆمبێلەکانیان بەنزینیان تێدا نییە و خۆتان وەرن.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، “چەن رۆژێک بوو کێشەی کەمی بەنزینمان هەبوو، بەڵام لە ئەمڕۆ بەیانییەوە یەک قەترە بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن نەماوە.”

بە وتەی بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، ئەمڕۆ بە سەدان کەس پەیوەندیان کردووە و بەهۆی نەمانی بەنزین ناتوانن ئەمبوڵانسەکان بجوڵێنن.

“خەڵکێکی زۆر داوای ئەمبوڵانس دەکەن، جگە لەوە لە نەخۆشخانەکانیش کە داوا دەکەن ناتوانین بۆیان بنێرین،” سامان نادر وای وت.

لەناو سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ١١ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن هەن،جبە وتەی بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، خۆیان لە رێگەی نەختینەوە بەنزین دەکڕن بۆ ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام لە ئێستادا نەختینە نەماوە.