ئەو 7 هۆکارە سەرەکییەی وا دەکەن شەحنی مۆبایلەکەت زوو دابەزێت

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

مۆبایل بووەتە بەشێکی جەستەمان، لە هەموو کاتێک و هەموو شوێنێک لەگەڵمانە، بەڵام هەموومان کێشەیەکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵی ئەویش زوو تەواوبوونی شەحنەکەیەتی، ئەم کارانە بکە بۆ رزگاربوون لەم کێشەیە.

رووناکی شاشەی مۆبایلەکەت:

کارپێکردنی مۆبایلەکەت بە رووناکی شاشەی بەرز جگە لە چاوت پاتری مۆبایلەکەشت ماندوو دەکات و وا دەکات خێراتر شەحنی مۆبایلەکەت دابەزێت بۆیە بە کارکردن بە رووناکی شاشەی مامناوەند هەم چاوت هەم پاتری مۆبایلەکەت بپارێزە.

کارکردنی پرۆگرامەکان لە باکگراوند:

کە لە ئەپی یوتوبەکەت تێر گوێت لە گۆرانی گرت رێک مەچۆ سەر ئینستاگرامەکەت سەرەتا یوتوبەکە بە تەواوی دابخە چونکە ئەو ئەپانەی بە تەواوی دایان ناخەی لە باکگراوند نوێ دەبنەوە و وا دەکەن خێراتر شەحنت دابەزێ.

خزمەتگوزارییەکانی G.P.S:

بەکارهێنانی بەردەوامی جی پی ئێس و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە شوێن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ خێرا دابەزینی شەحنی مۆبایلەکەت.

کە ئیشت نەما ئینتەرنێتەکەت دابخە:

کرانەوەی بەردەوامی خزمەتگوزارییە بێ وایەرەکانی وەک وای فای و بلوتوز و ئێن ئێف سی و مۆبایل داتا یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ خێرا دابەزینی شەحنی مۆبایلەکەت بۆیە کە ئیشت بە ئینتەرنێت نەما دایبخە بۆ ئەوەی مێشکت و پاتری مۆبایلەکەت ئیسراحەت بکەن.

ئاگادارکردنەوەکانی ئەپەکان:

ئاگادارکردنەوەی بەردەوام لە ئەپەکانەوە شاشەی مۆبایلەکەت چالاک دەکات. پێداچوونەوە و راگرتنی ئاگادارکردنەوە ناپێویستەکان باشترین کارە بیکەی بۆ پاراستنی پاتری مۆبایلەکەت.

لەرزین (هەزە):

کە لە شوێنێکی گرنگدای دەنگی مۆبایلەکەت بە تەواوی دابخە نەک بیخەیتە سەر هەزە چونکە هێزێکی زۆری پاترییەکەتی دەوێ، جگە لە خێرا دابەزینی شەحنی مۆبایلەکەت دەبێتە هۆی بێهێزبوونی پاترییەکەشی.

مۆبایلە نەک کۆمپیوتەری گەیمینگ:

ئەرکی قورسی وەک یاریکردن، ڤیدیۆ ستریمینگ، یان بەکارهێنانی ئەپی قورس مەخە سەرپشتی مۆبایلەکەت، پێی هەڵناگیرێ و دەبێتە هۆی بێهێزبوون و تێکچوونی پاتری مۆبایلەکەت.

بەشێوەیەکی گشتی تەمەنی پاتری مۆبایلە زیرەکەکان 2 بۆ 3 ساڵە دوای ئەو ماوەیە زیاتر لە %20ی تواناکری لەدەست دەدات.